ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مارگریتس شیناس جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا پێگەیشت. لە پەیوەندییەکەدا دۆخی کۆچبەرانی سەرسنووری بێلارووس و پۆڵەندا تاووتوێ کرا.
سەرۆکی حکوومەت داوای کرد وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا فریاگوزاری و هاوکاری پێویست بگەیەننە کۆچبەران. هەردوولا هاوڕابوون لە سەر ئەوەی، بازرگانانی مرۆڤ و تۆڕی نێودەوڵەتی قاچاخچییەکان، کۆچبەران بۆ مەبەستی سیاسی بەکاردەهێنن.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گەڕانەوەی زیاتر لە 400 کۆچبەردا کە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان و عێراق، بڕیارە بەم نزیکانەش چەندین کۆچبەری دیکە بگەڕێنەوە.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرینگی هەبوونی ستراتیجییەکی درێژخایەن لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا کردەوە بۆ سنووردانان بۆ کۆچکردنی نایاسایی، هەروەها داواشی لە جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا کرد لە ڕێگەی پەرەپێدانی ئالوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنانی ئەوروپا و هاوکاری دارایی و تەکنیکی، پشتیوانی لە کارنامەی چاکسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن و ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی دەرفەتی کار بۆ خەڵکی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت هەروەها دووپاتی کردەوە کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاری زیاتر پێشکەشی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە بکات کە لە هەرێمی کوردستانن.
لە پەیوەندییەکەدا هەروەها باس لەو ڕێکارانەش کرا کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالییەوە گیراونەتەبەر سەبارەت بە ڕێگەگرتن لە کۆچکردنی نایاسایی.
سەرۆکی حکوومەت ئامادەیی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ پێشوازیکردن لە تیمێکی تەکنیکی کە لە بروکسلەوە سەردانی هەولێر و بەغدا بکات بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر بەردەوامبوونی پەیوەندیی و هەماهەنگیی بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولان