نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران چه‌ند پرسێكی گرنگی تاووتوێ كرد

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران چه‌ند پرسێكی گرنگی تاووتوێ كرد

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 1ی ئه‌یلوول/ سپێتێمبه‌ری 2021 به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌سرور بارزانی كۆبووه‌وه‌ و چه‌ند پرسێكی گرنگی تاووتوێ كرد.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌، ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی ئەیلوولی 2021 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئاماژەی بە سەردانی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکڕۆن کرد بۆ هەرێمی کوردستان و بە سەردانێکی گرنگ و مێژوویی ناوبرد کە دووپاتکردنەوەی گرنگیدانی فەڕەنسایە بە پەیوەندیی لە گەڵ هەرێمی کوردستان و نیشانەی پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

پاشان هەریەک لە فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، پوختەیەکیان دەربارەی گرنگیی بەشداریی هەرێمی کوردستان لە دایەلۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سوودەکانی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، تیشکیان خستە سەر میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیاری دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان لە وەرزی سەرما و چارەسەرکردنی کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بە ڕەچاوکردنی تەندروستیی وژیانی هاووڵاتیيان و بەرگرتن لە هێنانی سووتەمەنی کوالیتی خراپ بۆ ناو هەرێم . هەروەها هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق خرایەڕوو بۆ ناردنی بەنزینی ئۆکتان بەرز و نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. 

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوە، خستنەڕووی ئەنجامی کۆبوونەوەی وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان بوو سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی فڕن و نانەواخانەکان و گرانبوونی نرخی نان و سەموون و ئاسانکاری و پشتیوانیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەم بوارەدا، ئەو بڕیارانە خرانەڕوو کە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە ماوەی ڕابردوو دەریانچواندوون بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکاریی وپشتیوانیی وەزارەتەکان بۆ نانەواخانە و سەمونخانەکان لە دابینکردنی پێداویستیيەکانییان و ڕێکخستنەوەی بابەتی هێنانی ئارد لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان .  ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد ، ڕێکاریی پێویست وەربگرن بۆ پشتیوانیی ئەم بوارە و کارکردن بۆ دڵنیابوون لە کوالیتی ئاردی هاوردەکراو لە ڕووی خۆراکیی وتەندروستیەوە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە و وەرگرتنی ڕێکاریی قانونی بەرامبەر سەرپێچیکاران، ئەویش بە ئاراستەی پاراستنی ژیان و تەندروستی هاووڵاتیيان ودابینکردنی نان وسەمون کە پێداویستی سەرەکین بە گونجاوترین نرخ و کوالیتی و ڕاسپاردنی لیژنەکانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانیی بۆ بەدواداچوونی بازاڕ.

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پڕۆژە وهەنگاوەکانی وەزارەتەکانیان بۆ  دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان خستەڕوو، بە تایبەتی لە بواری پاراستنی ئاوی ژێر زەویی و بەرگرتن لە زیادبوونی دابەزینی ئاستیان و سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی لە ڕێگای تەواوکردنی پڕۆژەی بەنداو و پۆندەکان بۆ گلدانەوەی ئاو و دابینکردنی بودجەی بەکاربردنی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی شارەکان.

دواتر ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە و سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی باسیان  لە ئامادەکاریی وڕێکارەکانی خۆپارێزیی کردنەوەی قوتابخانەکان و دەسپێکی ساڵیی نوێی خوێندنی 2021-2022  بە ئاراستەی زیادکردنی سەنتەرەکانی پێدانی ڤاکسین بە مامۆستایانی پەروەردە  ومامۆستا وقوتابی و فێرخوازانی زانکۆ و پەیمانگاکان، ئەنجومەن وەزیران جەختی کردەوە لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەی گرنگیدان وبرەودان بە پەروەردە و فێرکردن و مامۆستایان کە خوڵقێنەری نەوەیەکی خوێندەوار و تەندروست وڕۆشنبیرن بە ڕەچاوکردنی پاراستنی ژیان وتەندروستیشیان.

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی كوردستان

لەکۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپارد بۆ وەرگرتنی ڕێکاریی پێویست بۆ قەدەغەکردنی مامەڵەکردن بە سیم کارتی مۆبایلی بێ فۆڕم و بەرایی،  بە شێوەیەک پێویستە لەمەودوا تەواوی زانیاری کڕیارانی سیمکارت دیاربێت،  هەموو ئەو سیمکارتانەش ڕابگیرێن کە بێ فۆڕمن، بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە کۆمپانیاکانی مۆبایل پابەند بن و وەزارەتی ناوخۆ ڕاسپێردرا ڕێکار بەرامبەر ئەو سەرپێچیکارانە بگرێتەبەر کە ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بەشێوەیەکی خراپ بەکاردەهێنن.

بەپەلە

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان لە عێراق دەکات

ئه‌مڕۆ شەممە 16ی ئایاری 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازی لە مەتڕان میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی، باڵیۆزی نوێی …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *