
لە پێوەندی لەگەڵ هێرشی سێ درۆن (فڕۆکەوی بێفڕۆکەوان) کە دوێنێ شەممە کرابوونەوە سەر سنووری دەوروبەری شاری هەولێر، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە بەشێک لە ڕاگەیەندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هاتووە: “ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم كارە تیرۆریستییانەی ئەو گرووپە تێكدەر و لەیاسادەرچوانە بەتوندی سەرزەنشت و سەركۆنە دەكەین و پێمان وایە پێویستە بۆ لەمەودوا هەموو لایەك و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و حكوومەتی فیدراڵی بەجددی كار بكەن بۆ بەدواداچوون و لێپێچینەوە و رێگرتن لەو جۆرە كار و پەلامارە تیرۆریستییانە، كە مەبەست لێیان نانەوەی پشێوی و تێكدانی سەقامگیریی و ئەمنیەتی هەرێمی كوردستانە”.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
راگەیاندراوێك لە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە..
بەرەبەیانی دوێنێ (26ی حوزەیران)لە رێگەی سێ درۆن (فڕۆكەی بێ فرۆكەوان)ەوە هێرش كرایە سەر شاری هەولێری پایتەخت، كە بووە هۆی زیان گەیاندن بە ماڵوموڵكی هاووڵاتییان لە گوندی پراغ نزیك كۆمەڵگەی مەلا ئۆمەر.
ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم كارە تیرۆریستییانەی ئەو گرووپە تێكدەر و لەیاسادەرچوانە بەتوندی سەرزەنشت و سەركۆنە دەكەین و پێمان وایە پێویستە بۆ لەمەودوا هەموو لایەك و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و حكوومەتی فیدراڵی بەجددی كار بكەن بۆ بەدواداچوون و لێپێچینەوە و رێگرتن لەو جۆرە كار و پەلامارە تیرۆریستییانە، كە مەبەست لێیان نانەوەی پشێوی و تێكدانی سەقامگیریی و ئەمنیەتی هەرێمی كوردستانە، بەداخەوە ئەو كاروكردەوە نایاسایی و تێکدەرانە بۆ چەندین جارە دووبارە دەبنەوە، بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵییە رێگری لەو گرووپ و ھێزانە بکات کە مەرامیان تێکدانی سەقامگیری کوردستان بەتایبەتی و عێڕاقە بەگشتی.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٢٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢١