
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا هیوای خواستووە کە ئەو شەڕە روونەدات و ئەو خوێن ڕشتنە لێرەوە بوەستێت، دەشڵێت “ئەگەر بابەتەکە بۆ چەکدارانی پەکەکە بەرگریکردن بێت لە خۆیان، بۆ هێزی پێشمەرگە تێوە دەگلێنن لەو شەڕەی کە خواستی گەلی کورد و پێشمەرگەی لەسەر نییە؟”
شێخ جەعفەر شێخ لە پەکەکە دەپرسێت “بۆچی تەنها لەو قەوارەیەی هەرێمی کوردستان چالاکییەکانیان چڕ کردووەتەوە کە بە خوێنی هەزاران شەهید بنیادنراوە و پاساو دەدەن بە تورکیا هێرشیان بکرێتەسەر! ئێمە لەگەڵ هاتنی هیچ هێزێکی بێگانە نین کە سنوور و سەروەرییەکانی هەرێمەکەمان ببەزێنێت، لە هەمان کاتیشدا رێز لەو پارتە سیاسییانە دەگرین کە لە خاکی هەرێمەکاندا گیرساونەتەوە و رێگامان داون کار و چالاکیی سیاسی ئەنجام بدەن، بەڵام هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نین کە ببنە مایەی شەڕ و ناسەقامگیری و هۆکاری چۆڵکردن و ماڵوێرانکردن و شەهیدکردنی دەیان خەڵکی سڤیل لە ناوچەکەدا”.