
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، هەر لایەنێك هێرش بكاتە سەر پێشمەرگە، دوژمنە و پێشی وایە ئەو كەسانەی وشەی شەهید بۆ پێشمەرگە بەكار ناهێنن، ناحەزی كورد و پێشمەرگەن و لە ئاست سەروەرییەكانی پێشمەرگە كوێرن.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، راگەیاند، هەر كەسێك هێرش بكاتە سەر پێشمەرگە دوژمنمانە، پێشمەرگە ئەو هێزە نەتەوەییە نیشتمانییەیە كە خاوەن و پارێزەری هەموو دەستكەوتانە.
ئەو روونی كردەوە، هەر كەس و لایەنێك هێرش بكاتە سەر پێشمەرگە دەچێتە خانەی دوژمنەوە، ئەوانەیش كە وشەی شەهید بۆ پێشمەرگە بەكار ناهێنن، دوژمنان و ناحەزانی كورد و پێشمەرگەن، چونكە ئەو سەروەرییانەی كە پێشمەرگە تۆماری كردوون، چاوی ئەوانەی كوێر كردووە و لە ئاستی پێشمەرگە و خەباتی پێشمەرگە كوێرن.
جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی، تەنیا پێشمەرگە خاوەنی ئەم خاكەیە و لە پێناویدا شەهیدێكی زۆر دراوە و خوێنێكی زۆر رژاوە تا گەیشتووە بەوەی ئێستە هەیە.