
ئا: کەیوان عمر قوربانی
پاشەكشەی دەیان هەزار لایەنگری كۆمەڵ و بزووتنەوەو یەكگرتوو، سەرەڕای فاكتەری لاوازیی و ناكارامەیی سیاسییەكانیان، هۆكارگەلێكی دیكەیان لەپشتە. هۆكاری ئایدیۆلۆژی و كەنەفتی گوتاریی هاوچەرخانەی ئیسلامیی سیاسیی لەكوردستاندا و غیابی پسپۆڕانی بواری زانستی سیاسیی لەنێو هەرسێ حزبە ئیسلامییەكەدا راستەوخۆ وابەستە بوو بەو پلانە درێژخایەنەی كە عەبدوللەتیف سەلەفی سەرپەرشتی دەكات.
گەشەكردنی سەلەفییەكان راستە و راست پەیوەستە بەو زەمینە سیاسییەوە كە حكومەت بۆ سەلەفییەكانی رەخساندووە. بەڵام لەتمەی عەبدوللەتیف سەرەڕای شۆڕبوونەوە بۆ چەند پرەنسیپێكی عەقیدەیی ئیسلامیی كە عەبدوللەتیف درزی تێكرد و توانی وا لە ئیسلامییەكان بكات كە سازش لەو باوەڕە سەرەكیانەدا بكەن كە میتۆد و مەهامی ئیسلامیانەی پارتەكەیانی لەسەر بەندە.
بەبڕوای چاودێرانی بواری ئیسلامی سیاسی سەلەفییەكان لە هەرێمی كوردستاندا دەبنە مەترسییەك لەسەر داهاتووی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت لایەنگرانی حزبە ئیسلامییەكان, ئەم گەشەیەی سەلەفییەكان بۆ هەڵەی عەلی باپیر و بانگخوازەكانی حزبە ئیسلامییەكان دەگەڕێتەوە، چونكە تاكو ئێستا نەیانتوانیوە وەڵامی بەشێك لە قسەكانی عەبدوللەتیف بدەنەوەو نەهێڵن لایەنگرانیان روو لە سەلەفیەت بكەن و دەری بخەن كە سەلەفییەكانیش حزبن و هاوكاری دارایی لە سعودیە و هەندێك لە حزبە عەلمانییەكانی هەرێمی كوردستان وەردەگرن. ئەگەربێت و گەشەی سەلەفییەكان بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت ئەوا لە ساڵی 2021دا سەلەفییەكان دەبنە یەكەم رەوتی ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان.