
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی حوزەیرانی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پرۆسەی دانوستانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵیی 2021 کرا و ئەنجامی سەردانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاندی دانوستانکار بۆ بەغدا خرایە ڕوو.
شاندی دانوستانکار دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانیان خستە ڕوو، تایبەت بە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی یاسای بودجە لە بواری نەوت و داهاتی نانەوتی، کە لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارە فیدراڵییەکان ڕێک کەوتن لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی یاساکە کرا و ئاماژەش درا بە ڕێککەوتنی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان، ڕێک کەوتوون لەسەر میکانیزمی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، کە لە یاسای بودجە بۆیان دیاری کراوە بە پێی تایبەتمەندییان، بەم شێوەیە ئیتر هیچ بیانوویەک بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ نامێنێتەوە کە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان خەرج نەکات کە لە یاسای بودجە و خشتە هاوپێچەکانی ئاماژەی پێدراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جارێکی تر جەخت کرایەوە کە هەرێمی كوردستان پابەندە بە یاسای بودجە و لە بەرامبەریشدا، پێویستە حکوومەتی فیدراڵی ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی كوردستان خەرج بکات.
