
بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی دەست پێدەکات و پەرلەمانتارێکی پێشووتری گۆڕانیش ئاماژە بەوە دەدات گرووپێکی پارەداری ناو یەکێتی ئەو لاوازییەی گۆڕانی لە دۆخی ئێستا قۆستووەتەوە و بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانیدا دەکات.
کاروان ساڵح پەرلەمانتاری پێشووتری گۆڕان، ڕاگەیاندووه: ” گرووپێکی پارەداری ناو یەکێتی دەیەوێ ئەو دۆخە لاوازەی گۆڕان لە قۆناغی ئێستا بقۆزێتەوە و بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی.
گوتیشی: “ئەوە راستییە کە پێشتر گۆڕان لە یەکێتی جیا بووەتەوە وئەوەش وای کردووە کە دەستی یەکێتی ئاسانتر بگات بە ناوخۆی گۆڕان و زۆربەی سەرکردەکانی لەو حزبەوە هاتوون، لەبەرئەوە چاوەڕوان کراوە بەو دەستوەردانانە ئەو گرووپە کاریگەریی زیاتر لەسەر بڕیارەکانی ئەو بزووتنەوەیە دابنێت”.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووتری گۆڕان، ئاماژەی بەوەش دا: “ئێستا گۆڕان لە دۆخێکی لاواز و پەرشووبڵاودایە و یەکێتیش بە هەمان شێوە، کە هەر ئەوەش وای کردووە بۆ هەڵبژاردن هاوپەیمانی بکەن، بەڵام چاوەڕوان کراوە ئەو گرووپە دەستڕۆیشتووە پارەداری ناو یەکێتی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەستوەردان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕاندا بکەن و هەژموونیی خۆیان زیاتر بخەنە سەر بزووتنەوەکە کە ئەوەش بۆ داهاتووی گۆڕان باش نابێت”.
کاروان ساڵح گوتیشی: “ئەوەی دەگوترێ گۆڕان و یەکێتی بۆ بەرژەوەندیی گشتی سەریان پێکەوە ناوە، هیچ راستییەکی تێدا نییە، هەردووکیان خاڵی لاوازی زۆریان بۆ دروست بووە و لەم قۆناغەدا دەیانەوێ یەکتری بگرن تاکوو بەر نەبنەوە”.
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە: “ئەو گرووپە پارەدارەی ناو یەکێتی کار لەسەر ئەوە دەکات هەژموونیی خۆی بەسەر گۆڕاندا بسەپێنێت بە هەمان هاوشێوە کە بەسەر یەکێتیدایە کردوویەتی، کە ئەوەش لە داهاتوودا بە زیانی گەورەی گۆڕان دەشکێتەوە”.