
هیچ كات حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، رووداوی رادەستكردنەوەی پێشمەرگەكانی خۆی بە كۆماری ئیسلامی ئێران فەرامۆش ناكات. ئەوە دۆسییەیەكی تاوەكو ئێستە چارەسەر نەكراوە، رۆژهەڵاتییەكان دەنگۆی ئەو رووداوەیان بە گوێی تاك بەتاكی كوردانی رۆژهەڵاتدا داوە. دروست كۆماری ئیسلامی ئێران بەتیرێك دوو نیشانەی پێكا، هەم توانی حەفت ئەندامی پێشمەرگەی دیموكرات بێ سەر و شوێن كات و لەناو ببات. هەمیش ئەو وابەستەییەی ئیسلامییەكانی باشوور كە وەخت بوو كاریگەریی ئیسلامی سوننە لەناو كوردانی ئەو دیو زیاد بكەن، بەتەواوی پچڕاندی.
پێوەست بە چۆنیەتی روودانی رووداوەكە (كەریمی پەرویزی) ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە گۆڤاری چركەی راگەیاند” ئێمە زۆر جار سكاڵامان تۆماركردووە بەوەی كە كاتی خۆی و بەرلەوەی كۆمەڵی ئیسلامی لە بزووتنەوە جودابێتەوە حەوت پێشمەرگەی ئێمەی دەستگیركردووە و رادەستی كۆماری ئیسلامی ئێرانی كردوون, دواتر شەش لەو پێشمەرگانەمان لەسێدارەدران و دانەیەكیان خۆی دەرباز كرد. پێوەست بەم بابەتەش چەندین جار لە دادگەدا هەم وەكو حزب و هەم بنەماڵەی شەهیدەكانیش سكاڵا تۆماركراوە، بەڵام سكاڵاكانمان بە ئەنجام نەگەیشت”.
لە ئێستادا بێزراوترین هێزی كوردی باشوور لە زیهنی رۆژهەڵاتییەكاندا بزووتنەوەی ئیسلامییە. ئەوان جیاوازییەك لەنێوان بزووتنەوە و كۆمەڵدا ناكەن و پێیان وایە دەستیان سوورە بە خوێنی لاوەكانیان. خیانەتی رادەستكردنەوەی ئەو پێشمەرگانە بە رۆژی رووناك بوو، دروست لەو كاتەدا و بەئاشكرا، ئەو پێشمەرگانە كە بەچاوی دۆستی دەیانڕوانییە هێزە ئیسلامییەكەی سنووری هەڵەبجە، خیانەتیان لێكرا و رادەستی ئێران كرانەوە. ئەو نەریتە لە دوای راپەڕینەوە بۆ یەكەمجار زیندووكرایەوە، ئیدی دەنگۆی رووداوەكە زۆر بە تراژیدی باسكرا، ئێستەیش خانەوادەی ئەو قوربانییانە باوەڕ بە خیانەتێكی وەها ئاشكرا ناكەن، رووداوەكە باڵێكی ناو بزووتنەوە ئەنجامی دا، ئەنجامدانەكە بەجۆرێك بوو كە بەشێكی سەركردایەتی بزووتنەوە ئاگایان لێنەبوو.
لێرەشدا (د.شوار قەڵادزەیی) پەرلەمانتاری بزووتنەوەی ئیسلامی و ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان بە گۆڤاری چركەی راگەیاند كە ” هەر كەسێك داوایەكی یاسایی هەبێت یان پێی وابێت مافی پێشێل كراوە یان لە مافی خوراوە ئەوا بەبێ بیروبۆچوونی حزبی بەدوای كەیسەكەیەوە دەبین, هەتا ئەگەر لە حزبەكەی خۆیشم بێت. بەڵام بەر لەوەی هەر سكاڵایەك بە لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان بدرێت باشترە لە دادگەكان یەكلایی بكرێتەوە. ئێمە بۆئەوە لەپەرلەمانین تا خزمەت بە گەلی كوردی مەزلوم بكەین”.
لە ئێستادا و لەپاش جودابوونەوەی كۆمەڵی ئیسلامی لە بزووتنەوەی ئیسلامی زیاتر پەردەی لەسەر بابەتەكە هەڵماڵدرا. ئیدی رۆشن بووەوە كە باڵێكی ناو بزووتنەوە بە ئێرانەوە پەیوەستە، هەر ئەوەیش هۆكارێكی راستەوخۆی ناكۆكییەكانی ناوخۆیان بوو. لەبەر ئەوە دەبێت سەرەداوی ئەو رووداوە لە ئەستۆی ئەو باڵەدا بێت. روون و رەوانە كە عەلی باپیر داهێنەر و دامەزرێنەری باڵە پتەوەكەی ناو ئیسلامییەكانە بە ئێرانەوە. چوون كۆمەڵی ئیسلامی پەیوەندییەكانی خۆی لەتەك ئێراندا تۆكمە و تەیارە، ئەویش راستەوخۆ چەند پەیوەندییەكی شاراوەی لەتەك رژێمی ئێراندا هەیە. لەناو خانەوادەی قوربانییەكاندا ئەوە روونبووەتەوە كە ئەو كارە بڕیاری تاكە كەسی ناو حزب بووە و ئەو بڕیارەیش دۆستەكانی ئێرانی ناو بزووتنەوە كردوویانە.
لای خۆشیەوە پێوەست بەم كەیسە (زیا بترس سلیوا) سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان بە گۆڤاری چركەی راگەیاند “مافی مرۆڤ بەهیچ شێوەیەك سنووری نییە و هەر مرۆڤێك لەم هەرێمە لەمافی بخورێت ئەوا پاڵپشتی دەبین. لەكاتێكدا حەوت پێشمەرگەی دیموكرات لە هەرێم دەستگیركراون و رادەستی ئێران كراون و كوژراون, ئێمە ئامادەین خاوخێزانی ئەم پێشمەرگانە سكاڵا تۆمار بكەن و پشتگیری لە مافەكانیان بكەین , كەیسەكەشیان دەجوڵێنین”.
لەئێستادا ئیدی تەنیا ئەندامێكی ناو بزووتنەوەی پێشوو تاوانبار ناكرێت، رووداوەكە تەنیا وابەستە نییە بە ئەنوەر عەنەبی یان كوڕانی مەلا عەلییەوە، سەرەداوی دیكە هەن كە بە عەلی باپیرەوە گرێی دەدەن. روونبوونەوەی ئەو بەڵگانە پێویستیان بە یەكلاكردنەوە هەیە، بەڵام دواجار دەبێت بە راستییەكە و دادگەیەكی راستەقینە بگەین و رۆشن بێتەوە. دیارە ئەوە رۆشنە و حاشا هەڵنەگرە كە ئەو پێشمەرگانەی حزبی دیموكرات رادەستی ئێران كراون و لەلایەن بزووتنەوەی پێشووەوە بووە، بەڵام دەبێت تاوانباری راستەقینە دیاربكرێت و رۆشنی بكەنەوە كە كێیە و بۆچی كردوویەتی. ئایا بە بڕیاری خانەوادەی مەلا عەلی كراوە یان نا؟ ئایا دەستی هێڵەكەی سەر بەئێرانە یان نا؟ ئەی بەڵگە لۆژیكییەكان چی دەڵێن، دەبێت چ هێڵێك كارێكی وا بۆ ئێران بكات یان دەبێت كێ بەرژەوەندییەكی لەو شێوەیەی لەتەك ئێراندا هەبێت و دواتریش چلۆن وا بە وابەستەیی بە ئێرانەوە ماوەتەوە و درێژە بەو خەباتی عەمالەتە دەدات. ئایا بۆ كۆمەڵی ئیسلامی تاوەكو ئێستەیش دوورەپەرێزی پەیوەندییەكانیەتی لەتەك كوردانی رۆژهەڵاتدا.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیشیدا (كەریمی پەرویزی) گوتیشی “ئێمە دەستنیشانی ئەوە ناكەین كە ئەوە باڵی كۆمەڵی ئیسلامی ئێستا بوو یان بزووتنەوەی ئێستا, چونكە ئەوكات هەردووكیان لەناو یەك حزبدا بوون و لەم حزبەدا ئەم شتە روویدا. بۆیە ئەگەر هەر كامێك لە بزووتنەوە و كۆمەڵ خۆی لە بابەتەكە بێبەری بكات دەبێت راستییەكان بەخەڵكی بڵێت و داوای لێبووردن بكات، ئەو كاتیش دەكرێت ئێمە بەخەڵكی بڵێین كە ئەو حزبە لە بابەتەكەدا بێبەرییە. بەڵام تائێستا وەها شتێكیان نەكردووە. بۆیە دەڵێم ئەوە كۆمەڵ و بزووتنەوە بوون حەوت پێشمەرگەی ئێمەیان رادەستی ئێران كرد و شەشیان لەسێدارەدران”.
بۆ روونكردنەوەی زیاتری بابەتەكە و بۆ وەرگرتنی راوبۆچوونی كۆمەڵی ئیسلامی لەبارەی ئەم كەیسەوە گۆڤاری چركە پەیوەندی بە چەند بەرپرسێكی باڵای كۆمەڵی ئیسلامییەوە كرد، بەڵام ئامادە نەبوون لەم بارەیەوە هیچ قسەیەك بكەن.
ئا: كرمانج حسين مصطفى