
پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ژمارەیەك كەس لە بناری قەندیل دەڕفێنێت و بە زۆر قسە بە ناوی دایك و باوكی دەستگیركراوەكانیش بڵاو دەكاتەوە گوایە داوای سزادانی رۆڵەكانیان كردووە.
ماڵپەڕی (ڕۆژ نیوز)ی سەر بە پەكەكە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و دان بەوەدا دەنێت کە پەکەکە ژمارەیەك هاووڵاتیی هەرێمی كوردستانی بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیر كردووە و بە نیازە سزایان بدات.
هەر لەم چوارچێوەیەدا پەكەكە كەسوكاری ئەو دەستگیركراوانەی ناچار كردووە قسە بۆ میدیاكانی بكەن و بە ناوی دایكی یەكێك لەو گیراوانەشەوە بڵاوی كردۆتەوە: ”کوڕی ئێمە دانی بە تاوانەکانیدا ناوە و پێویستە باجی تاوانەکانی بدات“.
هەروەها باوکی یەکێک لە دەستگیرکراوەکان بە ناوی عەبدوڵا مینە ناچار کراوە قسە بۆ میدیاکانی پەکەکە بکات و بڵێت ”کوڕی ئێمە، باجی هەڵەکانی خۆی دەدات، دیارە ئەم گەنجانە تووشی هەڵە بوون و ئێستاش باجەکەی دەدەن، بۆیە هەر سزایەک پەکەکە بۆ ئەو گەنجانەی دیاری کردووە، ئێمە ڕێزی لێدەگرین”.
لەسەر زاری كەسێكی دیكەش بە ناوی حاجی مینە كە باوكی دەستگیركراوێكی دیكەیە، میدیای پەكەكە بڵاوی كردۆتەوە: ”ئەو بڕیارەی پەکەکە بەرامبەر بە منداڵەکانی ئێمەی داوە، جا هەر بڕیارێک بێت، ئێمە ڕازین و مافی خۆیانە”.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە