
دوای ئاشكراكردنی چەند گەندەڵییەك لەلایەن پزیشكێكەوە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە هەڕەشەی كوشتن لە د. باخان دەكات و پێی دەڵێت، باشترە بكوژێیتەوە و شارەكە جێ بهێڵیت.
باخان ئازاد پزیشك لە شاری هەڵەبجە،ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەیەكی تایبەت لە وەزارەتی تەندروستی دوای چاوپێكەوتنێکی میدیاییم لەسەر گەندەڵی لە كەرتی هەڵەبجە، سەردانم دەكەن و سەرجەم بەڵگەكانیان پێ دەدەم.
ئەو پزیشكە گوتی، گەندەڵییەكی زۆر لە كەرتی تەندروستی هەڵەبجە هەیە، من بەڵگەی پێویستم هەیە بۆ سەلماندنی گەندەڵییەكان، هەروەها داوا لە سەرۆكی حكوومەت دەكەم خۆشی چاودێر بێت بەسەر ئەو لیژنەیەی لێكۆڵینەوە دەكات تا دواین قۆناغ.
باسی لەوەش كرد، لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجەوە هەڕەشەی كوشتنم لێ كراوە بەوەی ئەگەر ژیانی خۆم زیادەیە، ئەوە بەردەوام بم لەسەر ئەو كارە، هەروەها بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە بە زمانێكی زۆر زبر قسەی لەگەڵ كردم كە لەگەڵ ئەتەكێتی پزیشكی ناگونجێت، گوتی بكوژێوە و ئەو شارە جێبهێڵی باشترە و بچیتە سلێمانی، بۆیە بەهۆی ئەوەی من ڕێم بەخۆم نەداوە دەرمانی بەسەرچوو بدرێت بە خەڵكی هەڵەبجە، ئەو گوشارانە لەمن دەكەن.
ڕوونی كردەوە، یەكێك لە گەندەڵییەكانی تر ئەوەیە بەپێی یاسا دەبێت ئەو ئاژەڵانەی لەناو هەڵەبجە سەر دەبڕێن، لە بازاڕەكاندا ساغ بكرێنەوە، كەچی ڕێككەوتنی ژێربەژێریان كردووە لەگەڵ كۆمپانیایەك لەناو نەخۆشخانەی لەدایكبوون، ئاژەڵَ سەربڕاون و دواتر گۆشتەكە بە هاووڵاتییان دراوە.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە