
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تاكو یەكی مانگی داهاتوو، بۆ بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ناوی كاندیدی لایەنە سیاسییەكان وەردەگرێت، ئێستاش لە كەركووك لەسەر دیاریكردنی كاندید بۆ ئەو هەڵبژاردنە، ناكۆكیی توند كەوتووەتە ناو یەكێتی.
بەپێی زانیارییەكان،مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی ناوی چەند كەسێكی بۆ دەزگای هەڵبژاردن ناردووە، بەڵام لەلایەن ئەو دەزگایەوە، كە ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیی دەكات، ڕەت كراونەتەوە، بۆیە لەسەر دیاریكردنی كاندید، ناكۆكیی توند كەوتووەتە نێو یەكێتی. .
هەر بەپێی زانیارییەكان،چەند ئەندام پەرلەمانێكی ئێستا، دەیانەوێت جارێكی تر خۆیان كاندید بكەنەوە، ئەوەش ناڕەزایەتیی جەماوەری یەكێتی و بەرپرسانی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی لێكەوتووەتەوە، كە ئەوان پێداگیری لەسەر ئەوە دەكەن هەر دەبێت كاندید بكرێنەوە، ئەو پرسە ئێستا ململانێی توندی لەنێوان مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی و باڵی كەركووكییەكانی ناو سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبەی لێكەوتووەتەوە.