
سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ڕایدەگەینێت، بۆ پرسی بودجە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدان.
فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ی راگەیاند: ” شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چاودێریکردنی دەنگدان بە بودجە گەیشتنە بەغدا”.
ڕوونیکردەوە شاندەکە هەمان ئەو شاندەیە کە هەفتەی ڕابردوو لە بەغدابوون، گوتیشی: ” شاندەکە جەخت لەسەر ڕێکەوتن دەکەن لەچوارچێوەی دەستوور و پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان”.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمیی پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 28/03/2021 کاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بودجە پەرلەمان کۆبوونەوە ئەنجام دەدات.
د.ئامانج ڕەحیم، سکرێری ئەنجوومەنی وەزیران و ئەندامی شاندەکە، لە فیسبووکی خۆی ئاشکرای کردووە کە گەیشتوونەتە بەغدا
فارس عیسا گوتیشی: “شاندی حکوومەتی هەرێمی كوردستان پێش دانیشتنەکە، گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ لایەنەکان دەکات و چاودێری دۆخەکە دەکات”.
رۆژی شەمەی ڕابردوو شیعەکان بۆ بودجە ڕێکەوتنیان لەگەڵ شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، دواتر پەشیمان بوونەوە.