
هەڵەبجە ٣٣ساڵە لەلایەن بزووتنەوەی ئیسلامی و یەکێتی نیشتیمانی بەڕێوەدەبرێت، بەڵام سیمایی شار بەو پارێزگایەوەنییە، ئەوەش وای کردووە هاوڵاتیان نیگەران بن و دەڵێن لاهوور جەنگی پارەی مەرزەکان دەدزێت.
هەردوو مەرزی شۆشمێ – تەوێڵە و مەرزی پشته، ساڵانە شەست ملیار دینار داهاتییانە، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێ، چاکسازی لە مەرزەکانی بکرێت ساڵانە داهاتەکەی بۆ ١٥٠ ملیار دینار بەرز دەبێتەوە.
کاروان خۆرشید هاووڵاتی دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجە بە چرکە دەڵێ:” هەڵەبجە لە لایەن دوو دەسەڵاتی مووشە خۆرەوە بەڕێوە براوە پاش ڕاپەڕین ئەوانیش بزووتنەوە و یەکێتییە بەڵام جگە لە بردنی داهاتەکەی هیچ خزمەتێکیان بە شارەکە نەگەیاندووە.
زیاتر وتی، بۆ دەبێت کەس نەزانێت داهاتی ناوخۆی هەڵەبجە و داهاتی مەرزەکان بۆکوێ دەچێت و چی لێدێت، دەی دیارە حزبی دەسەڵات دەی دزێت کە لە زۆنەکە دەسەڵاتی بەدەستە.
سامان سیروان هاووڵاتییەکی تری هەڵەبجەیە و وتی:” یەکێتی و لاهوور جەنگی پێمان بڵێن چیان بۆ کردووین جگە لە سواڵکردن بەناوی ئێمەوە و سەتان ملیۆن دۆلاریان خواردین جگە لە قاچاغچییەتی و دزینی پارەی مەرزەکانمان، ئاخر ئێستەش نموونەی شار بە هەڵەبجەوە دیار نییە.
وتیشی:” یاخوا خێری پارتی بنووسێت لە ساڵانی ڕابردوو، پارەیەکی باشی بۆ هەڵەبجە سەرف کردوو چەند پڕۆژەیەکی گرنگ بۆ شارەکەمان جێبەجێ کرا لە قوتابخانە و ڕێگاوبان و پڕۆژەی ئاو.
کاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێ:” ساڵانە داهاتی مەرزەکانی شۆشمێ – تەوێڵە و پشتە ٦٠ ملیار دینارە، چاکسازی بکرێت داهاتەکەی دەگاتە ١٥٠ ملیار دینار بە لابردنی کۆمپانیا حزبییەکان و ڕێگری لە قاچاغچییەتی، ناش زانین ئێسته ٦٠ ملیار دینارەکە دەڕواتە کوێ.