
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکارییەکانی بودجەی هەرێمى كوردستانى كرد و جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردەوە، بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی.
ئەمڕۆ سێشەممە 2021/3/9، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 کرد، لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت ئامادەبوو، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێمى كوردستان و ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 و داتای خەرجی و داهاتی قهبڵێندراوى وەزارەتەکان کرا، جەخت لەوە کرایەوە کە لە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجە، پێویستە هەموو ئەگەرەکان لە بەرچاو بگیرێن و بودجەیەکی واقیعی و شەفاف بێت و پشت بە داتا و داهاتی نەوتی و نانەوتی و کورتهێنان و خەرجی ڕاستەقینە ببەستێت بە ئامانجی برەودانی زیاتر، بە شەفافیەت لە دارایی گشتی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەکەدا هەروەها دوا پەرەسەندنەکانی پڕۆژهیاسای بودجەی حکوومەتی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 تاوتوێ کرا، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردەوە، بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، لە نێویشیاندا بابەتی شایستە داراییەکانی هەرێمى كوردستان، لەسەر بنەمای دەستوور.
سەرۆکی حکوومەتى ههرێمى كوردستان هیوای خواست، لایەنە عێراقییەکان پێشوازی و پشتیوانی لە بانگەوازی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بکەن، لەپێناو چارەسەرکردنی ڕیشەییانەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ.


چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە