
دوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی كە ساڵی 2019 لە سلێمانی بەسترا، كۆمەڵێك سەركردایەتی نوێ بێ ئەوەی هیچ خەبات و مێژوویەكیان هەبێ و لە سیاسەتی ناوچەكە تێگەشتبن و خوێندنەوەیان بۆ دۆخەكە هەبێت، تەنیا بەهۆی ئەوەی سەر بە كەس و باڵێكی دیاریكراوی ناو حزبەكە بوون، دەرچوون و ئێستە كوێرانە دەستیان داوەتە لێدوان و قسەكردن.
جەنگی عیزەدین، بەرپرسی پێوەندییەكانی كەركووكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان راگەیاند، لە رابردوو و ئێستەیش كە وای كردووە كورد بەهێز نەبێت، قسە و قسەڵۆكی هەندێك سەركردایەتی حزبە بەرانبەر بە یەكتری، راستییەكەی ئەو جۆرە قسە و لێدوانانە هیچ خزمەتێك بە دۆخەكە و دۆزی كورد ناكات، هێزی كورد لە یەكبوونیدایە و كاتێك بەهێزین كە ناوماڵی خۆمان رێك بێت و كێشەی سیاسی نەبێت.
زیاتر گوتی، هەندێك ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی كە لێدوان دەدەن، راستییەكەی رەنگە ئەوانە رای خۆیان بێت و قسەی حزب نین، لەوانەی كە تازە بوونەتە سەركردایەتی قسە و لێدوانەكانیان زیاتر بۆ ئەوە بێت بڵێن ئێمەیش هەین و لای جەماوەر خۆی نیشان بدات و خەڵك بەدوای خۆیدا راكێشێت.
بەرپرسی پێوەندییەكانی كەركووكی یەكێتی روونی كردەوە، ئەو سەركردانەی كە بەوشێوەیە قسە دەكەن، هیچ پێوەندییان بە حزبەكەوە نییە و یەكێتی زمانحاڵی خۆی هەیە، ئەوان رای خۆیان دەخەنە روو، بەڵام لە راستیدا ئەو جۆرە لێدوان و قسانە هیچ باشنین و لە بەرژەوەندی خۆیان ئەو قسانە دەكەن.
“یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بۆ خۆی بیركردنەوە و شێوازێكی جیاوازی بۆ سیاسەت و هاوبەشیی حكوومی هەیە و كار بۆ تێكدانی بەرژەوەندیی گشتی و خراپبوونی دۆخەكە ناكات، بەڵام لەناو حزبەكە كۆمەڵێك كەس هەیە كاریان تێكدانی دۆخەكە و شێواندنی تەناهی و سیاسەتی دوو حزب دەكەن”، ئەو بەرپرسەی یەكێتی وای گوت.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە