
له مووسڵ سكاڵا دژی دهسهڵات دارانی بهغدا درا به پاپا زانیاری ورد بخوێنهوه
ئەمڕۆ یەکشەممە کەسایەتییەكی دیاری مەسیحی و پسپۆری بواری ئابووری لە مووسڵ رای گەیاند كە سەردانی پاپا فرانسیس بۆ مووسڵ، ئەوەی بۆ تەواوی جیهان ئاشکرا کرد، کە ئەو شارە دوای خاپوورکردنی لەلایەن داعشەوە، ئاوەدان نەکراوەتەوە. جەختیشی کردەوە خەڵکی مووسڵ بە تەواوی پێکهاتە ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەییەکان، سکاڵای خۆیان گەیاندە پاپای فاتیکان، کە ئەوانەی بەڵێنی بەدرۆیان بەو خەڵکە دابوو، شارەکە ئاوەدان بکەنەوە، ئەو پارەیان دزی، کە بۆ ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ تەرخان کرابوو.
كەسایەتیییە مەسیحیە دیارەكەی مووسڵ كە بە ئەنتوان ناسراوە، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی (ئەلمەعلوومە) گوتووویەتی ”من وەک کەسێکی خەڵکی مووسڵ شانازی ئەکەم، کە دەبینم پاپای فاتیکان لەو کەنیسانەی مووسڵ نوێژ دەکا، کە داعش وێرانی کردوون، جگە لەوەش کە هەموو دونیا لە رێی ئەم سەردانەی پاپاوە رادەی ئەو وێرانکارییە دەبینێ، کە بەسەر ئەم پارێزگا مێژووییەدا هاتووە و گەندەڵکارانیش چۆن ئەو پارەیان دزیوە، کە بۆ ئاوەدانکردنەوەی تەرخان کرابوو“.
هەروەها گوتیشی ”خەڵکی مووسڵ بە تەواوی پێکهاتە ئایینی و مەزهەبی و نەتەوایەتییەکانەوە، بە یەک دەنگ سکاڵای خۆیان گەیاندە پاپا، لەو فەرامۆشکردن و پەراوێزخستن و بەڵێنە درۆیینانەی ئەو کەسانەی پارەی تەرخانکراو بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکەیان دزیوە“.
پاپا فرانسیس پاپای فاتیکان، ئەمڕۆ یەکشەممە دوای گەیشتنی بە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، سەردانی شاری مووسڵیشی کرد و لە حەوشولبەیعە رووخاوەکەی ئەو کەنیسەیە کە داعشی وێرانی کردووە، چاوی بە پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی مووسڵ کەوت. دواتر گەڕایەوە هەولێر و سەردانی شارۆچکەی عەنکاوەی کرد و ئینجا لە یاریگای فەرەنسۆ هەریری، لەگەڵ 10 هەزار کەس گەورەترین قەداسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دا.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە