نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / ٤٢ ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی بارزانیی نه‌مردا تێده‌په‌ڕێ

٤٢ ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی بارزانیی نه‌مردا تێده‌په‌ڕێ

ئه‌مڕۆ ٤٢ ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی ڕابه‌ری بزاڤی رزگاریخوازی كورد مسته‌فا بارزانیی نه‌مر تێده‌په‌ڕێ، كه‌ به‌ شاهێدیی زۆربەی نووسەر و میدیاكار و بیرمەند و سیاسەتمەدارە بەناوبانگەكانی جیهان، سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره‌ی جیهانی بووه‌ بۆ گه‌له‌كه‌ی و هه‌موو ژیانی بۆ خه‌بات و رزگاركردنی گه‌له‌كه‌ی له‌ ژێرده‌ستی و گه‌یشتن به‌ سه‌روه‌ری و ئازادی ته‌رخان كرد.

مەلا مستەفا بارزانیی نەمر، رابەری شۆڕشەکانی بارزان و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، ناوی مستەفا کوڕی شێخ محەمەد کوڕی شێخ عەبدولسەلام بارزانییە، چوار برای بە ناوەکای شێخ عەبدولسەلام، شێخ ئەحمەد، شێخ محەمەد سدیق، شێخ محەمەد ناسراو بە بابۆ هه‌بوونه.‌

مستەفا بارزانی لە ١٤ـی ئاداری ١٩٠٣ لە بارزان لەدایک بووە، لە تەمەنی سێ ساڵیدا لە ھێرشی عوسمانییەکان بۆ سەر ناوچەی بارزان، لەگەڵ دایکی، ٩ مانگ زیندانیی کراوه‌، شێخ عەبدولسەلام بارزانیی براگەورەی بارزانیی نەمر، بەھۆی داواکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان، لەلایەن سوپای عوسمانییەکان ھێرشی دەکرێتە سەر و دوای بەرگرییەکی دوو مانگە، ناچار ماوەیەک لە ناوچەکەیان دوور دەکەوێتەوە.

ساڵی ١٩٠٨ گەڕاوەتەوە بارزان و هێزەکانی عوسمانیی لە ناوچەکە دەر کردووە. لە ١٩١٣ والیی مووسڵ هێزێکی ناردووەتە سەر بارزان و شێخ عەبدولسەلام ناچار بووە بچێتە رۆژهەڵاتی کوردستان. دوای ئەوە نێردراوی قەیسەری رووس بەڵێنی پشتیوانیی کوردی بە شێخ عەبدولسەلام دا، دواتر شێخ عەبدولسەلام لە رێی گەڕانەوە بۆ بارزان، لە گوندی گەنگەچین دەبێتە میوانی کەسێک بە ناوی سۆفی عەبدوڵڵا، ئەو کەسە ناپاکیی لێ دەکا و بە شەو شێخ عەبدولسەلام رادەستی سوپای عوسمانی دەکا و دەبرێتە مووسڵ و دوای دادگاییکردن، بە لەسێدارەدان حوکمی دەدەن و لە رۆژی ١٤- ١٢- ١٩١٤ لە سێدارەی دەدەن.

No description available.

لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٣٦ موتەسەریفی مووسڵ، مستەفا بارزانیی نەمری بانگ کرد بۆ دایرەکەی خۆی و لەوێ ژەھرخواردی کرد و زۆر بەدەست ئازارەوە تلایەوە، تا دوای دوو ھەفتە كه‌مێك ئاسایی بووه‌وه‌، پاشان بارزانییەکان نەفی کران بۆ باشووری عێراق و دواتر گواسترانەوە بۆ سلێمانی و تا ساڵی ١٩٤٣ لەوێ مانەوە.

لە ١٢ی ٧ی ١٩٤٣ بە یارمەتیی کەسانی نیشتمانپەروەر، بارزانیی نەمر دەرفەتی بۆ رەخسا و لەگەڵ دوو کەسی شارەزای رێوبانەکان، بەرەو سنووری ئێران رۆیشت، حکوومەتەکانی ئێران و تورکیا خەڵاتێکی پەنجا ھەزارییان دانا بۆ ھەر کەسێک، بە مردوویی یان زیندوویی، بارزانیی نەمر بگرێت و رادەستیان بکات، ئەوەبوو کۆمەڵێک ناپاک لە ھەوڵی ئەوەدابوون زانیاریی بدەن، بەڵام کوردپەروەری وا ھەبوو گوتی: “ئەو کەسەی بارزانیی بگرێت، لە باوکی خۆی نەبووە و بیرکردنەوە لەو كارە ئابڕووچوونە”.

No description available.

لە ٢٨ـی٧ی ١٩٤٣، بارزانیی نەمر پەڕییەوە خاکی عێراق و خۆی گەیاندەوە ناوچەی بارزان و سەرکردایەتیی شۆڕشەکانی بارزانی لە ساڵی ١٩٤٣ و ١٩٤٥ لە باشووری کوردستان کرد و چەندین یاسای ئاشکرای بۆ کارکردنیان داناوە، لەوانە:

یەکەم: ھەموو چەکدارەکان لە بەردەستی بەرپرسدا دەبن و فەرمانەکانی ئەو بەجێ دێنن.

دووەم: پێویستە بەرپرس لەگەڵ تاکەکانی خۆیدا بێت و وەکوو برا ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکات.

سێیەم: ھیچ شتێک بە زۆر لە خەڵک ناسەندرێ.

چوارەم: دەستکەوتەکانی شەڕ بە برایانە و بەپێی پێویست دابەش دەکرێن.

پێنجەم: کردەوەی مرۆڤانە لەگەڵ دیل دەکرێت و کەلوپەل و شتەکانی خۆی لێی ناسەندرێ.

شەشەم: ئەو ئامۆژگارییانەی بۆیان دێت، بە وردیی ڕەفتاری پێ دەکەن.

No description available.

لە یەکەم مەیدانداریدا، پۆلیسخانەی شانەده‌ریان كۆنتڕۆڵ كرد و لەدواییدا بارزانیی نەمر بڕیاری دا بچێتە ناوچەی مزووری، لە مەیداندارییە بەناوبانگەی (خێرەزووك)ـدا ھێزەکان لە ١٢ی ١٠ی ١٩٤٣ چوون بۆ دەورەدانی پۆلیسخانەی خێرەزووک، بارزانیی نەمر فەرمانی دا خۆیان لە دوژمن نەگەیەنن، تا دەگەنە دەشتی ھەلونی و نێوان بێرسیاڤ و خێرەزووک، لەو دەشتەدا شەڕ رووی دا، کە یەکێکە لە بەناوبانگترین و سەرکەوتووترین شەڕی ئەو راپەڕینە، کە بارزانی خۆی تێیدا بەشدار بوو، ئەو شەڕە تا تاریک داھات درێژەی کێشا و حکوومەت تووشی شکست و کارەسات بوو، چونکە ١٢٠ که‌سیان لێ كوژرا و ٦٥ کەسیان لێ بەدیل گیرا و چەندان دەستکەوتی چەک و سەربازییش بەدەست ھاتن. بارزانیی نەمر خۆی لەو شەڕەدا بریندار بوو، ئەو سەربازەی بارزانیی نەمریشی بریندار کرد، بە دیل گیرابوو، بەڵام بارزانیی نەمر زۆر رووی دایێ و نەیھێشت کەس ھیچی لێ بکا و بۆ رۆژی دوایی لەگەڵ دیلەکانی تر ناردییەوە بۆ مێرگەسۆر، تا بە سەلامەتی بەربدرێن.

مانگی تشرینی یەکەم بووە مانگی سەرکەوتن، چونکە ناوچەکە بەتەواوی پاک کرایەوە، وەك شانەدەر و خێرەزووک و بیرەکەپرە، زێت، چەمی، سێلکێ، مێرۆز، ئەرگووش، تێل، شنگێل، کانی بۆت، بێدیال، شێروان، ڕێزان، شێتنە، بێداروون، کانی رەش، جگە لە سێ شوێن، کە مابوون، ئەوانیش: مێرگەسۆر و بارزان و بلە بوون.

دوا ئەمە، بارزانیی نەمر لە بەرگریکاری و خاکپەروەری و کوردایەتی ھەر بەردەوام بوو، بێ ئەوەی رۆژێک كۆڵ بدا، پاشان بەگوێرەی ھەلومەرجی ئەوکاتی ناوچەکە و جیھان، دوای ئەوەی بارزانیی نەمر لەگەڵ رێبەرانی پارتی ئازادیی کوردستان (لیژنەی ئازادی) لە شنۆ نیشتەجێ بوو، لەوێ گەڵاڵەی دامەزراندنی پارتێکی سیاسیی ئاراستەی ھەڤاڵانی کرد. بارزانیی نەمر بیرۆکەی دامەزراندنی پارتێکی سیاسیی کوردی داڕشت و پارتەکە یەکەم کۆنگرەی خۆی لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ بەست، ناوی پارتەکە نرا (پارتی دیموکراتی کورد) و دواتر لە کۆنگرەی سێیەمی پارتییدا ناوی گۆڕدرا بۆ (پارتی دیموکراتی کوردستان)، کە پارتێكی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ریی ئاستی ناوچه‌كه‌شه‌ و پارتی دیموکراتی کوردستان داکۆکیکاری مافە نەتەوەییەکانی کورد و کوردستانییانە، لەژێر چەتری سەرۆک مەسعوود بارزانی.

No description available.

بارزانیی نەمر، لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان بەشدار بووە و کراوە بە سوپاسالاری کۆماری کوردستان لە مه‌ھاباد، دوای شکستی کۆمار لە ١٨ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٧، لەگەڵ پێنج سەد پێشمەرگەدا رووی لە یەکێتیی سۆڤیەت کردووە، ئەویش دوای بڕینی سنووری عێراق و ئێران و تورکیا و چەندین رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سوپای ئەو وڵاتانە، لە رووباری ئاراس بەرەو سۆڤیەت پەڕیونەتەوە و ١٢ ساڵ بە ئاوارەیی لەگەڵ ھەڤاڵانی لە یەکێتیی سۆڤیەتی جاران ماونەتەوە، لەدوای شۆڕشی ١٩٥٨ی عێراق، بۆ باشووری کوردستان گەڕاوەتەوە، جارێکی دیکەیش لەپێناو مافەکانی گەلی کوردستاندا، لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ شۆڕشی ھەڵگیرساندووەتەوە. بەرگریکارێکی سەرسەختی دۆزی رەوای گەلەکەی بووە، لە ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠، لەدوای بەرگریی چەندین ساڵە، حکوومەتی ناوەندی عێراقی ناچار کرد، دان بە مافە رەواکانی گەلی کوردستاندا بنێت و بۆ یەکەمجار زمانی کوردیی بکرێتە زمانی فەرمی، لەھەمانکاتدا بۆ یەکەمجار دان نرا بە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان.

لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥، لەگەڵ دەیان ھەزار کوردستانیدا ئاوارەی ئێران بووە، بارزانیی نەمر خودان دید و رێبازێکی شۆڕشگێڕانە و خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایین بووە، ئازایەتی و بڕوابەخۆبوون و ئیمان بە حەق و دادخوازی و خەباتکردن لە دژی زۆرداری و رەتکردنەوەی ژێردەستەیی، تایبەتمەندییه‌کی دیاری کەسایەتیی بارزانی بووە، ئەو بە کردارەکانی، سەرمەشقی رێبوارانی کوردایەتیی بووە، دوای ئەوەی بارزانیی نەمر بۆ چارەسەریی نەخۆشی چووە ئەمریکا، ھاوکات لەگەڵ وەرگرتنی چارەسەریی بەردەوام، لە میدیا و ناوەندە بڕیاردەرەکانی ئەمریکا، داوای پشتیوانیی بۆ مافەکانی گەلی کوردستان دەکرد. بارزانیی نەمر لە ژیانی خۆیدا لەپێناو گەلەکەی تووشی دەیان و سەدان ئاستەنگ و بەربەست و دوژمنکاری و هه‌وڵی تیرۆر بووەتەوە و ھەمیشە سەرکەوتن بەش و ئامانجی بووە.

بارزانیی نەمر لە ١ـی ئاداری ١٩٧٩دا، لە تەمەنی ٧٦ ساڵی لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا کۆچی دوایی کرد، دوای ئەوەی نیو سەدە خەباتی بێوچان و بێ دابڕانی بۆ کوردستان و گەل و خاکەکەی کرد. لە ٤ـی ئاداری ھەمان ساڵدا، تەرمی بارزانیی نەمر گەیشتەوە تاران، دواتر بە ھەلیکۆپتەر گەڕێنرایەوە بۆ شاری شنۆی رۆژھەڵاتی کوردستان و لەوێ لەلایەن سەدان ھەزار کەس لە پەنابەرانی کوردستان و خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستان و کوردانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان پێشوازیی لێ کرا. رۆژی ٥ـی ئادار، تەرمی بارزانیی نەمر لە رۆژھەڵاتی کوردستان، بەئەمانەت بە خاک سپێردرا، لەدوای راپەڕین و لە ٦ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٣، تەرمی بارزانیی نەمر و ئیدریس بارزانیی جوانەمەرگی کوڕی، لە رۆژھەڵاتی کوردستان گەڕێنرانەوە ھەرێمی کوردستان و لە بارزان بە خاک سپێردران.

وێستگەی خەباتی بارزانی، مێژوویەکی پرە لە سەروەری و شانازی و فیداکاریی بۆ گەلەکەی، کە بە چەندان کتێب و توێژینەوە و بابەت و فیلم و دۆکیۆمێنتاری کۆتایی نایەت.

بەپەلە

مەسرور بارزانی پێشوازی لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کرد

  ئەمڕۆ پێنجشەممە 16/5/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جێفری پایت یاریدەدەری …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *