
پارێزەرێك ئاشكرای دەكات، ئەو بەناو رۆژنامەنووس و چالاكوانانەی كە لە كاتی كوشتنی ڕۆژنامەنووس ئامانج بابانی و لانەی هاوسەری و منداڵەكەیان هەوڵی پەردەپۆشكردنی تاوانەكەیان دەدا، ئێستا كەمپین دژی سزادانی چەند تاوانبارێك ڕێك دەخەن.
ئێوارەی ڕۆژی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٩ە و لە كاتێكدا خەڵكی كوردستان یادی ساڵڕۆژی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ی لاهوور جەنگی و براكانی و گرووپەكەیان دەكردەوە كە بووە هۆی لەدەستدانی كەركووك، هەواڵی كوژرانی ئامانج بابانی و لانەی هاوسەری و منداڵەكەیان لەنێو ئۆتۆمبێلەكەیاندا بڵاو كرایەوە. لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا، پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی چەندان زانیاریی دژ بە یەك و ناڕاستیان بڵاو كردەوە و پاشان بەبێ هیچ بەڵگەیەكی یەكلاكەرەوە، ئامانج بابانییان بە بكوژی خۆی و ژن و منداڵەكەی لە قەڵەم دا و دۆسیەكەش بە پاساوی لە ژیان نەمانی تۆمەتبار داخرا.
لەمبارەیەوە شاباز سیوەیلی، پارێزە و شرۆڤەکاری سیاسی لە سلێمانی،ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە کوردستاندا لە زۆربەی بابەتەکان میدیا و دەزگا راگەیاندنەکان و بەشێک لە بەناو رۆژنامەنووسان ئەو كەیسانەی کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دادەنێن، دەکەنە بابەتێکی سیاسی یاخود هەوڵی رێگری لە بڕیاری دادگا دەکەن.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ئەوانەی ئێستا كەمپین دژی سزادانی چەند كەسێك كە تۆمەتبارن بە سیخوڕی و كاری تێكدەرانە ڕێك دەخەن، هەمان ئەوانە بوون كە لە كاتی كوشتنی ئامانج بابانی و خانەوادەكەی نەك هەر بێدەنگ نەبوون، بگرە هەوڵی پەردەپۆشكردنی تاوانەكەیان دەدا.
بۆیە پرسیاری كرد: ”ئایا کوشتنی رۆژنامەنوسان خراپترە یان دادگاییكردنی چەند كەسێكی تاوانبار كە لە ژێر ناوی ڕۆژنامەنووسیدا كاری سیخوڕییان كردوە؟”.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە