
ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/2/7، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نادیە موراد، چالاکیی ئێزدی و ڕزگاربووی دەستی داعش کرد.
لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێم، هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتەگەڕ لە پێناو کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتییەکانی خوشک و برایانی ئێزیدی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان، گوتیشی: “ئێزیدی پێکهاتەیەکی ڕەسەن و گرنگی گەلی کوردستانن و هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتیوانیی لە داوا ڕەواکانیان دەکات و سەدان پێشمەرگەش لە پێناو ڕزگارکردنی شنگالدا شەهید بوون، بۆیە پێویستە دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و ئارامیی بۆ ئەم دەڤەرە بگەڕێتەوە”.
لای خۆیەوە، نادیە موراد وێڕای جەختکردنەوە لە سەر گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ژن و کچە ڕفێنراو و شوێنبزرکراوەکانی ئێزیدی و ئازادکردنیان و گەڕانەوەی روفاتی تەواوی قوربانییانی گوندی کۆچۆ، داواشی کرد بە زووترین کات ڕێکەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکرێت لە پێناو سەقامگیربوونی دادپەروەریی و ئاشتی لە ناوچەکەدا.
هەروەها لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیکردن لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوە و لێپیچینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) کرا بۆ بەدیهاتنی دادپەروەریی بۆ قوربانییانی ئێزدی دەستی تیرۆریستانی داعش.