
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، زیاتر لە 13000 (سیانزە هەزار) شەهید و بریندارمان داوە لە شەڕی داعشدا، دەشڵێت، “لەسەرەتای شەڕی داعشەوە هیچ پشتیوانییەکمان نەبوە، لەدواتریشدا ئەو پشتیوانیانەی کە هاتوون 1%یشی دابینەکراوە”.
جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دوای ئەوەی تاجەگوڵینەی لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی یەکی شوباتی 2004 دانا، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، “میللەتەکەمان رابردویەکی ناخۆش و خوێناوی هەیە و هەمیشە کۆڵنەدەر بووە و خۆڕاگڕ بووە لەپێناوی بەدەستهێنانی مافە رەواکانمان، ئەو دەستکەوتانەی ئێستا هەیە لە کوردستان بەرهەمی خوێنی ئەو شەهیدانە و فەرماندانەیە کە تاوەکو ئێستا لەسەنگەردان”.
لەبارەی پاراستنی شاری هەولێر لەشەڕی دژی داعش، جەعفەر شێخ مستەفا کە ئەوکات وەزیری پێشمەرگە بو ئاماژەی بەوەکرد، “بەتەکید هێزی پێشمەرگە بوو، لەسەرتاسەری جەبهەکاندا و پاراستنی هەولێر و رزگارکردنی کەرکووک و پاراستنی کەرکووک هێزی پێشمەرگە بوو، ئەو هێزە مەیدانییەن قوربانی و فیداکاری کردووە، زیاتر لە 13000 (سیانزە هەزار) شەهید و بریندارمان هەیە لە شەڕی داعشدا”.
جەعفەر شێخ مستەفا باسی لەوەشکرد، “لەسەرەتای شەڕی داعشەوە هیچ پشتیوانییەکمان نەبووە، لەدواتریشدا ئەو پشتیوانیانەی کە هاتوون پێداویستیەکان بەپێی پێویست بۆ هێزەکانمان 1%یشی دابینەکراوە، راستە بەپشتیوانی وڵاتان توانرا داعش بەتەواوی تێکبشکێنرێت، بەڵام پارێزگاریکردن لەم شارانە و دروستکردنی هێڵێکی بەرگری لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە دروستکرا و پێشمەرگە توانی هەولێر بپارێزرێت”.
ئەوەشی خستەڕو، “مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێم بووە و بە یاسا فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بووە و هەر لە جەلەولا و سەعدیە هەتاوەکو دەگاتە شنگال فەرماندەی هێزی پێشمەرگە بووە، هەموومان لەژێر فەرمانیدا بوین”.