
هۆشداری لە هەوڵەكانی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان وەك حزبێكی توندڕەو بۆ بەكارهێنانی مزگەوتەكان لە پێناو بەرژەوەندیی حزبی دەدرێت، لە كاتێكدا مزگەوتەكان لە خزمەت خەڵك و خوا و ئایین دروست كراون و جێگەی حزبایەتی نین.
دوێنێ لە كاتی وتاری هەینی لە مزگەوتی (ئیسرا و میعراج) لە شاری هەولێر، لایەنگرانی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان كە دوای هەوڵێكی زۆری حزبەكە تەنیا پازدە كەسی بۆ كۆكرابۆوە، بە نماییشێكی پێشوەختە ئامادەكراو، وتارخوێندنەوەكەیان جێهێشت و دواتریش لە ڕێی ئەو حزبە و هەندێك گرووپی سیاسیی هەلپەرست كە لە پێناو دژایەتیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو كارێك دەكەن، جێهێشتنەكە وەك بابەتێكی میدیایی گەورە بڵاو كرایەوە.
لە بەرامبەردا زیرەك عەبدوڵا، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا لە بواری كۆمەڵناسی و چاودێری سیاسی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردۆتەوە: ”لەوەتەى هەيە ئايين بۆ لێدان لە كوردستانيان بەكار دەهێنرێت، مادام مەعريفەى بەربڵاوی كۆمەڵگە، مەعريفەيەكى ئايينیيە، مادام ئەوەندەى كاديرێكى تەقديس لە كۆمەڵگە كاريگەرى هەيە كە كاديرانى زانستى و رۆشنبيران نييانە، كەواتە ئيدى دەبێت ئايين و دامەزراوەكانى وەكوو چەكێك بۆ بەهێزكردنى كوردستان بەكاربهێنرێت“.
ڕوونیشی كردەوە: ”ئەوانەى دەيانەوێت كوردستان لەو چەكە بێبەش بكەن، شەڕى بە وەكالەت دەكەن و خۆيان چەكن لە دەستى دوژمنان“.
دكتۆر زیرەك عەبدوڵا دووپاتی كردۆتەوە: ”دوژمنان باش لە گرنگىی ئەو چەكە لەو واقيعە كۆمەڵایەتی و سياسى و رۆشنبيرييە تێگەيشتوون. بؤيه نابێت لەبەر ناڕەزایی جاش و ناپاكەكانى سەر بە ئێران، چەكە كاريگەرەكانى كوردستان فەرامۆش بكرێت!“.
لە لایەكی دیكەوە شەوقی كانەبی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، لە نووسینێكدا هۆشداری لە هەوڵەكانی كۆمەڵی ئیسلامی وەك حزبێكی توندڕەو بۆ بەكارهێنانی مزگەوتەكان داوە و رای گەیاندووە: ”ئیسلامییەکان یەکەم هێز بوون مزگەوتیان کردە بارەگای حزبی و لە تەنیشت منارەی مزگەوتەکانەوە قوللەی شەڕیان دروست کرد و منداڵی خەڵکیان بە کوشت دا و شەڕە ئارپێچییان بردە نێو مزگەوتەوە“.
ڕوونیشی كردۆتەوە كە کەس ئەوەندەی ئیسلامییەکان زیانی بۆ ئیسلام و پیرۆزیی مزگەوت نەبوە، لە زۆر حاڵەتدا هەندێک لە مزگەوتەکانیان کردبووە مۆڵگەی دروستکردنی کەسانی توندڕەو، ئەوان موسڵمانانیان بەسەر چەندین گرووپ و حزب و مزگەوت و مەلا و ئەمیری جیاوازدا دابەش کرد.
شەوقی كانەبی دووپاتی كردۆتەوە: ”کەس ئەوەندەی خەڵکی ئیسلامگەرا زیانی بە ئایینی ئیسلام نەگەیاندوە. ئەگەر مەلای کۆمەڵ و یەکگرتوو و سەلەفی و بزوتنەوە هەیە، هەقی خۆیەتی با مەلای پارتی و نەتەوەییش هەبێت، ئەوە كەموكوڕییە ئەگەر نەبێت!“.