
بەڕێز (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ دۆخی تەندروستی (مام سابیر) ی جوتیارەكەی گوندی پەلکانە دەكات و تەواوی خەرجی چارەسەری و نەشتەرگەری لەئەستۆ دەگرێت …
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆیەكی مام سابیر جوتیارە دژە تەعریبەكەی گوندی پەلكانە كە بارودۆخی تەندروستی ناجێگیرە و پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە لە سەنتەری دڵ لە شاری هەولێر ، بەڕێز (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزیری تەندروستی راسپارد بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریەكە و جەنابیان خەرجیەكەی لە ئەستۆ دەگرێ و هەموو ئاسانكاریەك بکرێت تاوەكو بە تەندروستیەكی باش بگەڕێتەوە گوندەكەی…
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 2021/1/25 بە نوێنەرایەتی و ڕاسپاردەی بەڕێز (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، (د. سامان بەرزنجی) وەزیری تەندروستی سەردانی سەنتەری دڵ لە شاری هەولێری کرد بۆ بەسەرکردنەوەی نەخۆش بەڕێز (سابیر عمر سادق) کە لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری پزیشكیدایە و ئامادەكاری دەكرێت بۆ شیاوبوونی بۆ نەشتەرگەری كرانەوەی دڵ.
ئێستا مام سابیر لە سەنتەری دڵ لەژێر چاودێری چڕی پزیشكی دایە و پێشبینی و ئامادەکاری دەكرێت بۆئەوەی بەزووترین كات نەشتەرگەریەكەی لەسەر خەرجی سەرۆکی حکومەت بۆ ئەنجام بدرێت.
لە پەیامێکدا نەخۆش (سابیر عمر) سوپاسی بەڕێز (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و خۆشحاڵ بوو بە پرسینەوەی بەڕێزیان بۆ ڕەوشی تەندروستی و ڕایگەیاند کە ئەم هەڵوێستە بەرز و مرۆڤدۆستانەیەی بەڕێزیان ئومێدێکی گەورەی بە تەندروستی خۆیی و هەموو هاوڵاتیانی کوردپەروەری دانیشتووی پەلکانە بەخشی.