نوێترین هەواڵ
سەرەتا / بیروڕا / عێراق لە دەوڵەتێكی فیدڕاڵییەوە بۆ دەوڵەتێكی مەركەزیی تائیفی

عێراق لە دەوڵەتێكی فیدڕاڵییەوە بۆ دەوڵەتێكی مەركەزیی تائیفی



عێراق لە دەوڵەتێكی فیدڕاڵییەوە بۆ دەوڵەتێكی مەركەزیی تائیفی

نووسینی: نەدا مێرگەسۆری

ساڵی ٢٠٢٠ ساڵێكی پڕ لە قەیران و كیشەی جیا جیا بوو بۆ تەواوی جیهان، بەڵام بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان مخابن ئەم قەیرانە جۆراوجۆرانە تێكەڵ بە قەیرانی سیاسیش كرا، كە بۆتە كۆسپی دژوار بۆ چارەسەر نەبوونی گرفتەكانی نێو خۆی دەوڵەتی عێراق لە لایەك و لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵیش لە لایەكی دیكەوە.
دوای تێپەڕبوونی ١٧ ساڵ بەسەر دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق بە سیستەم و فۆرم و شێوەیەكی نوێی دەوڵەت و حوكمڕانی، بەڵام هێشتاش سیستەم و شێوەی نوێی دەوڵەت و ئەدای حوكمڕانی لە عێراقدا لە ژێر پرسیارگەلێكی زۆردایە.
ئەو دەوڵەتەی كە هەوڵی بۆ درا تا ببێتە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و ببێتە وڵاتی پێكهاتە جیاجیاكانی عێراق، تەنیا بووە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی، ئەویش هەرتەنیا لەنێو لاپەڕەكانی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥، بەڵام لە واقیعدا بووە دەوڵەتێكی سەرلێشواو كە بە هۆی ئەو عەقڵییەتە تائیفی و مەزهەبییەی كە عێراقی پێ بەڕێوە دەبردرێت، نزیك دەبێتەوە لە دەوڵەتێكی سادەی مەركەزیی تاكڕەو.
بنەماكانی فیدڕاڵییەت، بە هۆكاری سیاسی و بێ بنەما لە عێراقدا دەشێوێندرێت، ئەم شێواندنەش بە ئەنقەستە و نییەتێكی ناتەندروستی خراپ لەم هزرە قێزەونەدا هەیە، كە بە ئەجێندای دوژمنكارانەی هەندێك دەوڵەتی ئیقلیمی گەیشتۆتە ترۆپكی دژایەتیكردن و پێشێلكردنی بنەماكانی فیدڕاڵییەت، هەر بۆیەشە بە هەموو شێوەیەك كەوتوونەتە دژایەتیكردنی هەموو ماف و شایستە دەستوورییەكانی تاكە هەرێمی ئەو دەوڵەتە بەناو فیدڕاڵییە.
لە ساڵی ٢٠١٤ بەم لاوە ئەم دژایەتیكردنە زۆر بە زەقی دەبیندرێت، هەر ئەوكاتەی كە بودجەو قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە لایەن نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق بە شێوەیەكی نادەستووری بڕدرا، یان ئەو كاتەی كە بە زۆر هەرێمیان رووبەڕووی شەڕی داعەش كردەوە، یان ئەو كاتەی كە حەیدەر عەبادی بە هاوكاریی حەشدی شەعبیی نادەستووری و بە راوێژكار و سوپاو میلیشیای بیانی و ئیقلیمی هێرشی كردە سەر هەرێمی كوردستان و بەسەر لاشەی پاكی خەڵكی كەركووك و كوردستاندا تێپەڕی، جگە لەوەی كە هەر بەردەوام بوون لە بڕینی قووتی خەڵكی هەرێم، ئەمانە هەمووی بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان ئەنجام دران.
لەو ماوەیەی رابڕدوودا بە نییەتێكی خراپ، بڕوبیانووی سەیرو سەمەرە بە هەرێمی كوردستان گیراوە، هەر جارە كە رێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق كرابێت، یان هەر كاتێك نزیك بووبنەوە لە رێككەوتن، لە لایەن بەشێكی بەرچاوی هێزە سیاسییە باڵادەستەكانی شیعەی عێراق و بە هاوكاریی بەشێكی زۆری سوننە و بەداخەوەش هەندێك پەرلەمانتاری كوردی هاوسۆزی نەیارانی هەرێم و خزمەتكاری ئەجێندای دەوڵەتی ئیقلیمی، كۆسپ و تەگەرە دروست كراوە.
ئەو كاتەی كە یاسای چارەسەری كورتهێنانی دارایی بۆ سێ مانگی كۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ لە پەڕلەمانی عێراق دەنگی لەسەر درا، بە بێ گوێدانە رێككەوتنی هەردوو حكومەت لەسەر بوجەی ساڵی ٢٠٢٠، جارێكی دیكە كەوتنە دژایەتیی هەرێمی كوردستان و بێبەشیان كرد لە سوودوەرگرتن لەو یاسایەو، بوونەوە بە هۆكار بۆ بڕینی ئەو بڕە پارەیەی كە دەبوایە حكومەتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستانی بنێرێت.
حكومەتی هەرێم هەر بە ماوەیەكی كەم و دوایی پێكهاتنی كابینەی نۆیەمی خۆی بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیرانی نوێ، بە نیشاندانی نییەتپاكی بۆ چارەسەر كردنی هەموو كێشەكانی نێوانی هەردوو حكومەت، سەردانی بەغدایان كرد. دوای ئەویش چەندین سەردانی دیكە بە سەرۆكایەتیی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەریمی كوردستان ئەنجام درا، كە دوایینی لەم چەند رۆژەی رابردوو بوو، بەڵام وەك بە دیار دەكەوێت، لایەنە سیاسییەكانی عێراق، ئەوانەی كە كۆسپ دەخەنە بەردەم گەیشتن بە رێككەوتنی هەردوو حكومەت، هێشتاش لەسەر ئەو بۆچوونە ناتەندروستەی خۆیانن كە دەیانەوێت بە هەموو شێوەیەك پێگەی هەرێمی كوردستان لاواز بكەن و بنەمای فیدڕاڵییەتیش تێك بدەن، ئەگینا خۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بیانوویەكی بۆ ئەوان نەهێشتۆتەوە و ئامادەیی خۆی بۆ هەموو داواكارییەكانی ئەوان پیشان داوە.
حكومەتی كازمی حكومەتێكی دەستبەستراوی بێ بڕیارە، كە لە دەرەوەی خواستی ئەو، كەس و لایەنی دی ژێر بە ژێر حكومەتەكەی بەڕێوە دەبەن، بۆیە ناتوانێت هیچ بڕیارێكی بوێرانە بدات، هەر بڕیارێكی دەرەوەی خواستی ئەوانیش، ئەوا سەرۆك وەزیرانی عێراق رووبەڕووی لێپرسینەوەی پەڕلەمانی و لەكارلادان دەكاتەوە.
ئەمەی لە عێراقدا دەگوزەرێت، بێ دەسەڵاتیی حكومەتەكەیەتی كە (الدولة العمیقة- Deep State)، لە نێو هەناوی دەوڵەتی عێراقدا جڵەوی هەموو جۆمگەكانی بەڕیوەبردنی عێراقی گرتۆتەوە، كە یەكیك لە مەبەستەكانی جێبەجێكردنی ئەجێندای سیاسیی ئیقلیمییە بۆ لاوازكردنی پێگەی هەریمی كوردستان و، لەناوبردنی بنەماكانی دەوڵەتی فیدراڵی و بۆ خۆنزیككردنەوە لە دەوڵەتێكی مەركەزی، تاكڕەوی، تائیفی و مەزهەبگەرا، ئەویش بە تواندنەوەی هەموو پێكهاتەكانی دیكە لەنێو ئەو دەوڵەتەدا و پێشێلكردنی مافەكانیان و برسیكردن و بڕینی قووتی خەڵكەكەی بۆ ئەوەی تەنیا بیر لە دابینكردنی بژێوی خۆیان بكەنەوەو بیر لە قەزییەی نەتەوەیی خۆیان نەكەنەوە، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی كە ئەم جۆرە سیاسەتە هیچ كاتێك سەركەوتوو نەبووە، بگرە زەمینەسازییش دەكات بۆ بڕیاری نەتەوەیی چارەنووسساز.

بەپەلە

خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ کتێبی پێنجەمی سەرۆک مەسعود بارزانی

نوسینی: هیوا ئەحمەد مستەفا بەرگی پێنجەمی کتێبی بارزانی و بزوتنەوی ڕزگاری خوازی کورد، دەرچوو،کە باس …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *