
حاکم شێخ لەتیف، پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان لە نووسینێکیدا کە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، وەڵامی ئەو پەرلەمانتارانە دەداتەوە کە داوای گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان بۆ سەر بەغدا دەکرد و دەڵێ موزایەدەی موزایەدەچییەکان ئاشکرا بوو.
ناوبراو نووسینەکەی بە ناونیشانی” بۆ پەرلەمانتاری موزایەدەچی، چاوەڕێی وەڵام بە” بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی” من رایەکی یاسایی و دەستووریم لەسەر پرۆژەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بڵاو کردووەتەوە، نە رای شەخسی خۆم داوە نە باسی کەسم کردووە، بەڵام چونکە موزایەدەی موزایەدەچییەکان کەشف بووە ، دەستیان کردووە بە ھەلبەستنی تۆمەت و درۆ”.
حاکم شێخ لەتیف باسیشی لەوە كردووە، ئەو لە نووسینەكانیدا گوتوویەتی كە ئەو شێوازەی پەرلەمانتارە موزایەدەچییەكان بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بۆ سەر بەغدا داوای دەكەن، “نادەستووری و نا یاساییە و ناگات بە ئامانج”. جەختیشی كردۆتەوە كە ئەگەر ڕاستگۆ بوونایە و كارەكەیان تەنیا لە پێناو موزایەدە و گەوجاندن نەكردایە، ئەم ڕێگەیەیان نەدەگرتە بەر.
ناوبراو بۆ پەرلەمانتارە “موزایەدەچییەکان”ی نووسیوە: “من بە بەڵگەی خۆتان لە دوو رۆژی داھاتوودا بۆتان رون دەکەمەوە کە چۆن سەرەتا دژایەتیی پرۆژەکەتان کرد، کەی ھی رێبوار كەریم بوو، دوایی کە ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق لێی کۆبوونەوە و پێتان وابوو لەوانەیە ببێ بە راست، خۆتان تێخستەوە و ویستتان بیکەن بە ھی خۆتان”.