
قوباد تاڵه‌بانی له به‌رنامه‌كه‌دا رایگه‌یاند: سه‌ردانی ئه‌مجاره‌یان تایبه‌ته به پرسی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و جێبه‌جێكردنی یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه.
گوتیشی، ئێمه به گوێره‌ی یاساكه، ئه‌رك و مافمان هه‌یه و لێمان داوا كراوه، داهاتی نه‌وتی و نا نه‌وتی راده‌ست بكه‌ین و له به‌رامبه‌ریشدا گفتوگۆ له‌سه‌ر پشكی خۆمان ده‌كه‌ین له بودجه‌كه‌دا.
راشیگه‌یاند: هه‌ولێر و به‌غدا ته‌نیا كێشه‌ی مووچه و بودجه‌یان نییه، به‌ڵكو كێشه‌ی ده‌ستوور و یاسای نه‌وت و غاز و پێشمه‌رگه و مادده‌ی ماده‌ی سه‌د وچلی به هه‌ڵپه‌سێردراوی له نێوان هه‌ردوولادا هه‌ن و تا ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراون.
قوباد تاڵه‌بانی، باسی له‌وه‌شكرد، كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كێشه‌ی سیاسین و په‌یوه‌ندیان به بۆچوونی سیاسی و ده‌ستووری و یاساییه‌وه هه‌یه و نابێت شۆڕ بكرێنه‌وه بۆ ئاستی میللی و تاكی كورد هیچ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا نییه جه‌ختیكرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان هیچ كاتێك هۆكاری دواكه‌وتنی به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق نه‌بووه.
به پێچه‌وانه‌وه، كورد پێی خۆشه هه‌موو به‌شه‌كانی عێراق پێشبكه‌ون و گه‌شه بكه‌ن. له كۆتاییدا سه‌رۆكی شاندی دانووستانكاری هه‌رێم، ئاشكراشیكرد، ئێستا فشاری سیاسی زۆر هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه و پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان بوه‌ستێنرێت و هه‌ر ئه‌وه‌ش رێگره له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.
ئاشكراشیكرد، له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان تا ئێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن، به‌ڵام كاتێك سه‌ردانی نوێنه‌رانیان كردووه، جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه كراوه‌ته‌وه و ئه‌مه‌ش ده‌ستی حكومه‌تی ئاوه‌ڵاتر كردووه بۆ ئه‌وه‌ی بێته پێشه‌وه و هه‌ردوولا ئه‌و تێگه‌یشتنه هاوبه‌شانه‌ی درووست بوون بكه‌ینه رێككه‌وتن، به‌ڵام له ئێستادا هیچ رێككه‌وتنێك نه‌كراوه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌شبینم و به بێ رێككه‌وتن له به‌غدا ناگه‌ڕێینه‌وه.