
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد كە لەو رۆژەوەی راكان جبووری پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك سەردانی بەرهەم ساڵح سەركۆماری عێراقی كردووە و گەڕاوەتەوە، هەنگاوەكانی بۆ تەعریبكردنەوەی كەركووك چڕتر كردووەتەوە.
دیاری حوسێن جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی بە ڕاگەیاند، دوای ئەوەی ڕاكان جبووری پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك سەردانی سەركۆماری عێراقی كرد، هەر كە هاتەوە هەنگاوی زیاتری دەست پێكرد بۆ تەعریبكردنەوەی كەركووك، لەبری ئەوەی دەست هەڵبگرێ لە تەعریب و لەو كێشانەی دروستی دەكات، كەچی زیاتری كرد، دەبێ فشاری لێ بكرێت کە دەست هەڵبگرێت لە تەعریب، چونکە لە واقیعدا تەعریبكردنەوەی كەركووك هەر بەردەوامە.
لەبارەی ئەوەی باس لەوە دەكرێت كە دۆسیەی ئاسایشی شاری كەركووك لە لیوای 61ی تایبەتی حكوومەتی عێراق وەرگیراوەتەوە و دراوەتە دەست سوپا، ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی: گۆڕانكارییەكان لە هێزەكان جاری وا هەیە رۆژانە دەكرێ لە عێراق و ناوچەكە، لە واقیعدا ئەو هێزانە وەكوو پێویست كارەكانیان ئەنجام نادەن و گۆڕانكاریی زۆر دەكرێ، بەڵام تا ئێستا حەشدی شەعبی دەسەڵاتیان هەیە لە كەركووك و هێزەكانی سوپاش لەوێن، بۆ ئەم قۆناغە پرسگە و بازگەكانیان داوەتەوە دەست پۆلیسی خۆجێی كەركووك، بە ئومێدی ئەوەین كە دۆسیەی ئەمنیی شارەكە بدرێتەوە دەست پۆلیسی خۆجێی كەركووك، بۆ ئەوەی بتوانن مامەڵە لەگەڵ خەڵكی كەركووك بە شێوەیەكی ئاسایی بكەن و خەڵكیش بحەسێتەوە.