
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی عێراق دەدات و هەوڵی چارەسەری ئەو دۆخە نراوە.
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، سەرەخۆشیی لە قوربانییانی ڕووداوەكانی ئەمدواییە و ئەو كەسانە دەكەم بە هۆی پەتای كۆرۆناوە گیانیان لە دەست داوە.
سەرۆكی حكوومەت گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی عێراق دەدات و هەوڵی چارەسەری ئەو دۆخە نراوە، ئەمڕۆش ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ دوو بابەتی گرنگ كۆ بووەوە كە ڕووداوەكانی ئەمدواییەی هەرێمی كوردستان و گفتوگۆی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا باس كرا.
ڕوونی كردەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ گرفتەكان و راستكردنەوەی ئەم دۆخە نالەبارە داوە، هەمو هەوڵێكیش دەدەین لەگەڵ حكوومەتی عێراق بگەین بە ڕێككەوتن لەسەر مافە دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان.
باسی لەوەش كرد، ئەركی حكوومەتە سەقامگیری هەرێمی كوردستان بپارێزێ، ئەو هاووڵاتییەی داوای مافی خۆی دەكات پێویستە بزانێ داوای ماف لە كێ بكات، داوا لەو كەسانە دەكەین كە مافی هەرێمی كوردستانیان پێشێل كردووە، مافە دەستوورییەكان جێبەجێ بكەن.
“ئەو رووداوانەی ئەمدواییە مەبەستی تری لە پشتەوە بووە، خەڵكانێك خزاونەتە ناو خۆپێشاندەران و ڕەوتەكەیان گۆڕیوە و پەلاماری فەرمانگە حكوومییەكان و بارەگا حزبییەكانیان داوە”. ئەوا سەرۆكی حكوومەت وای گوت.
ڕوونی كردەوە، پێویستە بزانرێ حكوومەت دەنگی ئێوەیە و بۆ ئێوە دروست بووە، بۆیە پێش هەموو كەسێك خەمخۆری خەڵكی هەرێمی كوردستانە و لە پێناو خزمەتی خەڵك كار دەكات و زیاتر لە هەموو كەسێك لە بەرەی گەلە.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە هەمووان كرد بە ئاقڵانە رووبەڕووی ئەو دۆخە ببنەوە و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، چونكە پەلاماری هەموو لایەك دراوە و پیلانێكە بۆ تێكدانی قەواری هەرێمی كوردستان یان بچوككردنەوەی كە بە خوێنی هەزاران شەهید هاتووەتە دی و ئەركی هەمووانیشە بەرگری لێ بكەن.