
قایمقامی قەزای ئامێدی ئاشکرای کرد، لەباتی ئەوەی دانیشتوانی گوندەکانی سنووورەکە بگەڕنەوە سەر شوێنی ژیانی خۆیان، کەچی لەبەر مەترسیی پەکەکە چۆڵی دەکەن و ئەمەش بووەتە هۆکاری ئاوارەیی خەڵکی ناوچەکە.
ئیسماعیل مستەفا، قایمقامی قەزای ئامێدی ،ڕاگەیاند: “بەهۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە لە سنووری گوندەکان، لەکۆی ٣٤٨ گوندی دەڤەری ئامێدی، ١٩٨ گوند چۆڵ کراون و دانیشتوانەکەی ڕوویان لە شارەکان کردووە، چونکە بەهۆی بوونی بنکە و بارەگای پەکەکەوە فڕۆکەی تورکیا بەردەوام بۆردومانی سنووری گوندەکان دەکات و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زیانێکی زۆری مرۆیی و مادی و ژینگەیی بە ناوچەکە بکەوێت”.
ئاماژەی بەوەش کرد: “هۆکاری ئەم بۆردومان و ئاوارەبوونەوەش هەمووی پەکەکەیە، چونکە زۆر نزیکی گوندەکانی کەوتوونەتەوە و لە زۆر شوێنیش هاتوونەتە ناو گوندەکان و بوونەتە جێگەی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان”.
قایمقامی ئامێدی ئاماژەی بەوەش کرد: “لەبەر مەترسیی بۆردومان و بوونی پەکەکە خەڵک ناتوانن بگەڕنەوە شوێنی ژیانیان و هەندێک گوند هەیە ڕەنگە خێزانێک، یان دوو خێزانی تێدا مابێت و ئەوانی دیکە چۆڵ کراون”.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە