
تورکیا بەردەوامە لە بۆردوومان و تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان، ئەمڕۆش تۆپخانەکانی تورکیا زنجیرە چیای خامتیری لە سنووری ناحیەی دەرکار تۆپبارانکرد و بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت: “زیانی گیانی نەبووە”.
شلاش فەندی، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ راگەیاند، کاژێر 8:30ی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، سوپای تورکیا 25 گوللە تۆپی گرتە زنجیرە چیاکانی خامتیری سەر بە ناحیەی دەرکار و تۆپبارانەکە کاژێرێکی خایاندووە. بە گوتەی شلاش فەندی تۆپبارانەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێی خستووەتە دڵی گوندنشینانی سنوورەکە.
سوپای تورکیا نزیکەی 10 بنکەی سەربازییان لەنێو سنووری باشووری کوردستاندا کردووەتەوە کە زۆربەیان دەکەونە چیای خامتیر.