نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە

پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە

سەرۆک بارزانی پەیامێکی لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای قەرز لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بڵاوکردەوە کە تێیدا ڕەچاوی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا نەكراوە و ئەو ٣٢٠ ملیار دینارە بڕدرا كە بڕیاربوو حكوومەتی عێراق مانگانە بۆ هەرێمی كوردستانی بنێرێت.

دەقی پەیامەکە:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

زۆر بەداخەوە جارێكی تر لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە شیعە و سوننەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خەنجەریان لە پشتی گەلی كوردستان دا و، بودجە و ڕزقی خەڵكی كوردستانیان وەك كارتێك بۆ گوشارهێنان بۆ هەرێمی كوردستان بەكار هێنایەوە.

ئەوە لە حاڵێكدایە كە لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار ڕێككەوتن لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ ئیمزا كراوە، بەڵام ڕێككەوتنەكان جێبەجێ نەكراون. ئێمە ئەو یاسایەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە بێ ڕەچاوكردنی بنەماكانی شەراكەت و ڕێككەوتنەكان دەری کردووە، بە بابەتێكی سیاسی و بۆ گوشارهێنان لەسەر هەرێم و سزادانی خەڵكی كوردستانی دەبینین كە پێچەوانەی بنەماكانی شەراكەت و تەوافوق و هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكانی عێراقە و جۆرێكە لە تەنگپێهەڵچنین و شەڕفرۆشی. دەریشكەوت كە ئەوان پێشوەختە بڕیاری خۆیان لەسەر دژایەتیكردنی هەرێم داوە و هەمیشە بەو لۆژیكە مامەڵە لەگەڵ دەستوور و ڕێككەوتنەكان و ماف و داواكارییەكانی گەلی كوردستان دەكەن.

لێرەدا پێزانینم هەیە بۆ یەكدەنگیی نوێنەرانی كوردستان لە بەغدا كە بە هەڵوێستێكی هاوبەش دژی ئەو یاسایەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەستانەوە و ئەو هەڵوێستەیان جێگەی سوپاس و دەستخۆشییە. داواش لە سەرۆكایەتیی هەرێم و پارلەمان و حكوومەت دەكەم كە لەگەڵ نوێنەرانی كوردستان لە بەغدا و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، پێكەوە لەسەر ئەم بابەتە كۆببنەوە و بگەنە بڕیارێكی هاوبەش. بڕیارێك بدەن كە لە ئاست بەرپرسیارێتی بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و لە هەمانكاتیشدا كەرامەتی میللەتەكەمان بپارێزرێت و سنوورێك بۆ ئەو ڕەفتارانە دابنێت كە مەبەست لێی سزادانی گەلی كوردستانە.

مەسعود بارزانی
12ـی تشرینی دووەمی 2020

بەپەلە

مەسرور بارزانی بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی سنووری قەزای پشدەر دا

بە بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بەشێکی داهاتی مەزری کێلێ بۆ پرۆژە تەواونەکراوەکانی سنووری قەزای …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *