
ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی ١١ی ٢٠٢٠، عەبدوڵای مەلا نووری، پەرلەمانتاری پێشووتری گۆڕان كە ئێستا بەهۆی هەڵویستە دژیەكەكانی، حزبەكەشی خۆی لێ بەخاوەن ناكات، پاساوی بۆ هێرشەكانی پارتی کرێکارانی كوردستان (پەكەكە) بۆ سەر پێشمەرگە هێناوەتەوە.
لە بەرامبەردا كاروان ساڵح، پەرلەمانتاری پێشووتری گۆڕان،راگەیاند: ”ماوەیەكە گرووپێك فەیسبووكچیی وەك عەبدوڵای مەلا نووری، لەبەر خاتری لایك و شەڕە دەنووك، دەیانەوێ رەواج بە پەكەكە بدەن و گوایە لە هەرێمی كوردستانەوە هێرش دەكرێتە سەر پەكەكە، لە كاتێكدا ئەو فەیسبووكچییانە هەموویان ئەو كەسانەن كە لە ماوەی ڕابردوودا بەرامبەر بە پارتی لە خەباتی سیاسی و هەڵبژاردنیشدا، شكستیان هێناوە و دۆڕاندوویانە“.
ڕوونیشی كردەوە: ”شەرعیەتدان بە پەكەكە و كارە ناڕەواكانی، دەرئەنجامی نابیت و لە هیچ عورفێكی عێراقی و نێودەوڵەتیدا نییە كە هێزێكی چەكداری پارچەیەكی دیكەی كوردستان، بێتە باشووری كوردستان و خۆی بە بەدیلی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بزانێت و خەڵكی لەسەر گوندەكانی خۆیان دەربكات و پەلاماری پێشمەرگەش بدات“. گوتیشی: ”عەبدوڵای مەلا نووری بە جۆرێك قسە دەكات، ئەی بۆچی ناچێتە نێو پەكەكە و چەك هەڵبگرێت؟ شەڕەدەنووكەكەی لە پشت مۆبایلەوە ئاسانە، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا ئەوان باش دەزانن كە ناتوانن بچنە نێو پەكەكە و بگرە ئەگەر لە ژێر دەسەڵاتی پەكەكەدا بن، حەدیان نییە یەك وشە بە خراپ لە دژی پەكەكە بڵێن“.
كاروان ساڵح پرسیاری ئەوە دەكات، عەبدوڵای مەلا نووری مانگانە ملیۆنەها دینار لە حكوومەت بەناوی خانەنشینی ”بە چ هەقێك وەردەگرێت؟ لە كاتێكدا پشتیوانی لە هێرشكردنە سەر پێشمەرگە و پەلاماردانی دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان و بۆڕیی نەوتی كوردستان دەكات. بەڵام ناهەقی ناگرم، لە داخی ئهوهی گۆڕان سڕی كردووه و دەری كردووه، خەریكە بهربێته ئهو كهژ و كێوه، وادهزانێت پارتی حهقی ئهوی خورادووه”.