نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / محه‌مه‌د ڕه‌ووف: په‌كه‌كه‌ ئامانجی زیان گه‌یاندنه‌ به‌ قوتی هاووڵاتییانی كوردستان

محه‌مه‌د ڕه‌ووف: په‌كه‌كه‌ ئامانجی زیان گه‌یاندنه‌ به‌ قوتی هاووڵاتییانی كوردستان

سیاسەتمەدارێكی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت كە تەقاندنەوەی بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە توركیا لە لایەن پارتی كرێكارانی كوردستان، پاساو دەداتە توركیا تاوەكوو دەستێوەردانی زیاتر لە ناوچەكەدا بكات.
د. محەمەد ڕەووف، ئەندامی پێشووتری مەكتەبی سیاسیی یەكگرتوو و جێگری پێشووی سەرۆكی هاوپەیمانیی نیشتمانی ، راگەیاند، كاتێك هەرێمی كوردستان بڕیاری سەربەخۆیی ئابووری دا، پشتی بەو بڕە نەوتە بەست كە لە ڕێگەی بۆڕییەوە ڕەوانەی بەندەری جەیهان دەكرێت، بۆیە پەلاماردانی ئەم بۆڕییە نەوتە، باكگراوندی ئابووری و سیاسیشی هەیە.
ڕوونیشی كردەوە كە ”تەقاندنەوەی بۆڕییە نەوتەكە، تەقاندنەوەی سەرچاوەی پارە و داهاتی خەڵكی هەرێمی كوردستانە“.
ئەو سیاسەتمەدارە پێیوایە كە پاش یەكلابوونەوەی تەقاندنەوەی بۆڕییەكە لە لایەن پەكەكەوە، نیگەرانییەكان قووڵتر دەبنەوە و ”توركیاش ناچار دەبێت بە ناوی پاسەوانیكردنی بۆڕیی نەوت و ڕێگریكردن لە جموجۆڵی پەكەكە، زێدەڕۆیی زیاتر بكاتە سەر سەروەریی دەوڵەتی عێراق و دەستێوەردانی زیاتر لە ناوچەكەدا بكات، تەنانەت “عێراقیش دوور نییە هەوڵبدات بێتە سەرخەت، بۆیە لە هەموو رووێكەوە ئەوەی پەكەكە كردوویەتی كارێكی خراپە و گرفتەكان قووڵتر دەكاتەوە، لە ئاستی نێودەوڵەتی و ئاسایشەوە خراپتریشە“.
بە بڕوای ئەو سیاسەتمەدارە، تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوت كارێكی ئاسان نییە، چونكه‌ ”مووچه‌ و ژیان و قوتی خەڵكی له‌سه‌ره‌، بۆ ئه‌و كارە نیگه‌رانیی گه‌وره‌ دژی په‌كه‌كه‌ دروست ده‌بێت، له ‌رووی ده‌ره‌كییه‌وه‌ هه‌موو ته‌قینه‌وه‌یه‌كی لەم شێوەیە لە هەر كوێیەك بكرێت، بە تیرۆر هەژمار دەكرێت، ئەمەی كراوه‌ ته‌فسیر هه‌ڵناگرێت كە ته‌قینه‌وه‌یە و توندوتیژییه‌“.
جەختیشی كردەوە كە چاره‌سه‌ری كێشەی كورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، پێویستی بە ڕێگەیەكی عەقڵانی و دایەلۆگ هەیە. گوتیشی: ”پێشنیارم ئەوەیە په‌كه‌كه‌ تا هێز و چه‌كی هه‌یه‌، زووتر بیر لە چارەسەری سیاسی بكاتەوە، نەوەكوو دواتر كاتێك لاواز دەبێت، ناچار بكرێت سوڵح بكات یان لە ڕێككەوتنەكانی نێوان سووریا و توركیا و ئێران و عێراق مساوەمەی لەسەر بكرێت“.
ئێوارەی ڕۆژی ٣٠ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٠، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد كە بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە توركیا تەقێندراوەتەوە. دواتریش هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) كە باڵی سەربازیی پەكەكەیە، لە راگەیاندراوێكدا بە فەرمی دانی بەوەدا نا كە چەكدارەكانیان لە ٢٨ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٠، لە هەرێمی باگۆكی سەر بە شاری مێردین، بۆڕییە نەوتەكەیان تەقاندۆتەوە.

بەپەلە

وەزارەتی تەندروستی: لەسەر ڕاسپاردەى مەسرور بارزانی، هەموو ڕێکارێکی فریاگوزارى و تەندروستی گیراوەتە بەر

وەزارەتی تەندروستی دەڵێ: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهاناوەچوونی ڕووداوەکانی لافاو …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *