
ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی کە لە دوای کۆنگرەی چواری یەکێتی دروست بووە و کۆسرەت ڕەسووڵ سەرۆکایەتی ئەو ئەنجوومەنە دەکات، بەهۆی دەسەڵاتە تەشریفاتییەکانەوە ژمارەیەک لەو ئەندامانە نیگەرانن و نایانەوێت بەو شێوەیە بەردەوام بن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بڵاوکراونەتەوە، پێنج لە ئەندامانانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەهۆی ئەوەی هیچ دەسەڵاتێکیان نییە و زیاتر کارەکانیان بە تەشریفاتی کراوە، لە دۆخی ئێستهی ناو حزبەکەیان نارازین و دەیانەوێت دەسەڵاتیان فراوانتر بکرێت.
کێشە لە نێوان لاهوور جانگی و کۆسرەت ڕەسووڵ دروستبووە کاتێک لە ساڵوەگەڕی ڕیفراندۆم لاهوور هێرشی کردووەتە سەر كۆسرەت ڕەسووڵ کە کاتی خۆی وەک جێگری یەکەمی سکرتێری مام جەلال نوێنەرایەتی حزبەکەی کردووە لە هەڵمەتی ڕیفراندۆم.
حاجی مەسیفی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕاگەیاند، بەشی زۆری مادەکان تایبەت بە دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی پەسەندکراون، بەڵام یەکێک لەو مادانە تا ئێسته پەسەند نەکراوە و لیژنەکەیش ماوەیەکی زۆرە کۆبوونەوەی نەکردووە.
بەپێی زانیارییەکانی “وشە” ئەو ماددەیەی کە ماوە و پەسەند نەکراوە پەیوەستە بە دەسەڵاتی تایبەت کە تێیدا دەسەڵات دەداتە کۆسرەت ڕەسووڵ کە توانی بڕیاریدانی هەیە لە ناو حزبەکە، بەڵام کێشە دروست بووە و بەهۆیەوە لیژنەکە کارەکانی ڕاگرتووە و کۆسرەت ڕەسووڵ و ئەندامانی تری ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی نیگەرانن لەوەی ئەو مادەیە پەسەند ناکرێت کە لە بەرژەوەندی ئەواندایە.