
ئەندامی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە لە رۆژئاوای کوردستان دەڵی، دانوستانەکان لە نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە بەردەوامە، بەڵام کۆمەڵێک بەربەست لەبەردەم دانوستانەکان ھەن کە گرنگترینیان پەیەدە ئامادە نییە بەئاشکرا بلێت پێوەندییان لەگەڵ پەکەکە دەبرن.
ئیبڕاھیم برۆ ئەندامی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە لە رۆژئاوای کوردستان بە “وشە”ی راگەیاند، ئێستا دانوسانەکانی ئەنەکەسە لەگەڵ تەڤدەم کە ناوی خۆیان گۆریوە بۆ یەکێتی نیشتیمانی سوریا کە پەیدە وچەند پارتێکی دیکە لەخۆ دەگرێت لەسەر چەند خاڵێک بەردەوامە و خاڵەکحان بریتین لە پرسە سیاسییەکان و دروستکردنی ئەنجوومەنێکی سیاسی.
زیاتر روونی دەکاتەوە، کۆمەڵێک بەربەست ھەن وەک بڕینی پێوەندی پەیەدە لەگەڵ پەکەکە و ئەمە گەورەترین بەربەستە لە بەردەم دانوستانەکان، چونکە تا ئێستا ئامادە نین بە ئاشکرا بلێن ئێمە پێوەندی لەگەڵ پەکەکە دەبرین.
” بەربەستەکانی تر ئەوەن کە سەربازی بە ناچاری گەنجان تا ئێستە لە رۆژئاوا بەردەوامە و لەبارەی پرسی خوێندن یەکلایی نەبووینەتەوە و کەسانی بێ چارەنووس و گیراوانی رۆژئاوا پرسێکی ترە لەناو گفتوگۆکان و لەبارەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی کە وەک دەستوورێکە بۆ ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان، ئەوەش ئامادە نین ھەمواری بکەنەوە، ئەمانە بەرپەستی گەورەن و بەهۆیانەوە دانوستانەکان زۆر قورس دەبن” ئیبڕاهیم برۆ وای گوت.
ئەو ئەندامەی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە دووپاتی دەکاتەوە، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی پێویستە پێوەندی پەکەکە لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان بەتەواوی نەمێنێت، ئەمەش بۆ ئەوان گرانە و بۆتە گەورترین بەربەست لەبەردەم دانوستانەکان .
لەبارەی چوونەوەی لەشکری رۆژ بۆ رۆژئاوای کوردستان ئیبراھیم برۆ دەڵێ، ئەگەر گەیشتینە رێککەوتن ئەوکات پڕۆژەیەک ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی لەشکری رۆژ بە چ شێوە و میکانیزمێک بگەڕێـتەوە رۆژئاوای کوردستان.