
سەرکردەیەکی رۆژئاوای کوردستان باس لەوە دەکات، کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستدرێژی دەکاتە سەر بەشەکانی دیکەی کوردستان.
شاهین ئەحمەد، سەرکردە لە پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا (پەدەکەسە)، کە لایەنێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) راگەیاند، پەکەکە گوێ بە داوا و دەستپێشخەرییە ئاشتیخوازانەکان نادات.
شاهین ئەحمەد هەروەها رایگەیاند، بوونی پەکەکە لە دەرەوەی گۆڕەپانی خەباتی خۆی، کە باکووری کوردستانە، نایاساییە و هیچ بەهانەیەک هەڵناگرێت، ”پێویستە پەکەکە چیتر دەست لەکاروباری پارچەکانی دیکەی کوردستان وەرنەدات و بگەڕێتەوە سەر گۆڕەپانی خەباتی خۆی“.
شاهین ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، کە بوونی پەکەکەلە پارچەکانی دیکەی کوردستان ”دەستدرێژییە بۆ سەر گەلی کوردستان و بەهانەدانە بە تورکیا بۆ بۆردومانکردنی ئەو بەشانەی کوردستان“.
ئەو سەرکردەیەی پەدەکەسە هەروەها رایگەیاند، کە بوونی سەربازیی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، کە تاکە کیانی فەرمی و دانپێدانراوی گەلی کوردستانە، بۆ دروستکردنی ئاژاوەیە لەو بەشەی کوردستان و دروستکردنی شەڕە لەگەڵ تورکیا لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان و ئامانجی پەکەکەش لەوە، لەناوبردنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان و ئەزموونی دیموکراتیی کوردستانە.
شاهین ئەحمەد هەروەها بە پێویستی دەزانێ پەیوەندیی نێوان پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە رۆژئاوای کوردستان و پەکەکە بپچڕێندرێت و پەکەکە رێز لە تایبەتمەندیی هەر پارچەیەکی کوردستان بگرێت.