
كاركردن لەسەر یاسای چاكسازی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەردەوامە و ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان وادەی جێبەجێكردنی یاساكە ئاشكرا دەكات.
حكوومەت نایەوێ دۆخی دارایی هاووڵاتییان قورستر بكات
حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند، كاركردن لە یاسای چاكسازی و بابەتی خانەنشینی پلە تایبەتەكان بەردەوامە، بەڵام بەهۆی سەرقاڵیمان بە مامەڵەی خانەنشینی نوێ، كەمێك كاركردنمان لەسەر یاساكە خاو بووەتەوە، بەڵام بەردەوامە.
زیاتر گوتی، تا یەك دوو مانگی تر ئەوەی پێوەستە بە كاری ئێمەوە، تەواو دەبێت و كۆتایی پێ دەهێنین، دواتر بڕیاری كۆتایی لای حكوومەتی هەرێمە.
لای خۆیەوە شوان كەریم زراری، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، ڕاگەیاند، یاسای چاكسازی ئەوەندەی ئێمە زانیاریمان هەبێ، زۆرینەی كارەكانی تەواو كراوە، بەڵام بەهۆی خراپیی دۆخی داراییەوە، جێبەجێكردنەكەی كەوتووەتە دوای ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا.
زیاتر گوتی، ئێستە حكوومەت نایەوێ دۆخی دارایی هاووڵاتییان قورستر بكات، بۆیە هەنگاوەكان چڕتر كراونەتەوە بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا، كە زۆر نزیك بووەتەوە.
لە بارەی چارەنووسی خانەنشینی پلە تایبەت و خانەنشینی نایاسایی و دوو مووچە و سێ مووچە، ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، نزیكەی 25 هەزار دوو مووچە و سێ مووچە هەیە، كە چارەسەری هەموو ئەمانە كراوە، هەروەها زۆربەی بندیوارەكان لە یەكەی پاسەوانیدایە، دواتر یەكەكانی حەفتا و هەشتا، كە ئەمانەیش لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگەدا یەك دەخرێنەوە.