
راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، تا ئێستا بەغدا رازی نییە پێشمەرگە بگەڕێتەوە سەربازگەی کەی وەن لە کەرکوک، ئەوەش خاڵی ناکۆکی نێوانیانە.
بابەكر زێباری، راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی ھەرێم، لەسەر كردنەوەی ناوەندی ھەماھەنگی و ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە كەركوك، راگەیاندووە، ھێشتا دانوستان لەنێوان ھەرێم و بەغدا بۆ كردنەوەی ناوەندی ھەماھەنگی ھاوبەش بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا كۆتایی بە پرسەكە نەھاتووە و نەگەیشتوونەتە ھیچ ئەنجامێكی كۆتایی.
لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگەش بۆ کەرکوک، بابەکر زێباری ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمان لەگەڵ ئەوەدان خاڵە ھاوبەشەكە لە سەربازگەی كەی وەنی نزیك كەركوك بێت، نەك شوێنی دیكە، ئەوەش خاڵی ناكۆكی نێوان ئەمان و بەغدایە، چونكە بەغدا بۆ كەی وەن تا ئێستا رازی نەبووە و داوای كردووە بنكەی ھەماھەنگییەكە لە چیمەن یان پردێ بێت.
راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی ھەرێم باسی لەوەش کردووە، وەك دەستپێك رێككەوتن بۆ ھەندێ ناوچە كراوە، كە خاڵی ھاوبەش و ناوەندی ھەماھەنگی تێدا بكرێتەوە، چەند خاڵێكیش دیاریكراون.