
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، راگەیاند: “راستە بە گوێرەی یاسای نوێی ھەڵبژاردن ھەر پارێزگایەك بەسەر چەند بازنەیەكی ھەڵبژاردندا دابەش دەكرێت، بەڵام بۆ ئێمەی كورد ھەڵبژاردن یەك بازنە بێت باشترە نەك فرەبازنەیی، واتە عێراق ھەمووی یەك بازنە بێت ھاوشێوەی یاسای ھەڵبژاردنی ھەرێمی كوردستان، ئەگەر بۆمان بكرێت ئێمە یەكبازنەیی جێبەجێ دەكەین”.
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دەشڵێت: “لە یەكەم ھەڵبژاردنی عێراقدا لە ساڵی ٢٠٠٥ سیستەمی یەكبازنەیی جێبەجێ كرا، ھۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دەنگی كورد پەرت نابێت بە تایبەتی دەنگی كورد لە ناوچەكانی كۆت و عەمارە و بەغدا و دیالە بەفیڕۆ ناچێت، بەپێچەوانەوە فرەبازنەیی كاریگەری لەسەر دەنگی كورد دەبێت”.
گۆران روونیشی كردەوە: “لە یەكەم ھەڵبژاردندا لەبەر ئەوەی یەك بازنە بوو، دەنگی كورد ھەموو گەڕایەوە بۆ لیستە كوردییەكان و توانیمان ٨٠ كورسی بەدەست بێنین، بەڵام ئێستا كەمتر لە ٦٠ كورسیمان ھەیە، واتە ٢٠ كورسی كەمیان كردووە، جیاوازییەكەش بۆ یاسای ھەڵبژاردن دەگەڕێتەوە”.