
ئەندامێکى لیژنەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند دواى 16ى ئۆکتۆبەر هەڵمەتێکى فراوانى تەعریبکردنى ناوچە کوردستانییەکان دەستى پێکردووە بە ئامانجى کەمکردنەوەى دەنگ و سەنگى کورد لەو ناوچانە.
لیزا کاکەیى، راگەیاند: “دواى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 هەڵمەتێکى فراوانى رەشبگیرى بەعەبرەبکردن لەلایەن ئیدارە و دەسەڵاتى سەربازیى ناوچە کوردستانییەکان دەستى پێکردووە، بۆ گۆڕینى دیمۆگرافیاى ئەو ناوچانە و کەمکردنەوەى دەنگ و سەنگى کورد، چونکە دوو پڕۆسەى گەورە و گرنگمان لەپێشە ئەوانیش سەرژمێرى و هەڵبژاردنن”.
راشیگەیاند: “هەڵمەتەکە تەنیا بەعەرەبکردنى ناوچەکە نییە بەڵکو تەعریبى کارگێڕیشی لەگەڵە، چونکە لەدواى 16ى ئۆکتۆبەرەوە تائێستا 64 پۆست لە کورد وەرگیراونەتەوە و دراونەتە پێکهاتەکانى دیکەى ناوچە کوردستانییەکان، ئەمە جگە لە رێگەپێدان و هێنانەوەى هەزاران خێزانى عەرەب کە کاتى خۆى لە چوارچێوەى مادەى 140 قەرەبوویان وەرگرتووە، بەڵام بە بڕیارى پارێزگارى سەپێندراوى کەرکووک و دەسەڵاتى سەربازى دووبارە هاتوونەتەوە ناوچە کوردستانییەکان”.
ئاماژەى بە ئەوەش کرد” جگە لەمەش رۆژانە زەوى و زارى کورد داگیر دەکەن و دوکان و خانووى کورد دەڕووخێندرێت لەلایەن پارێزگارەوە بە بیانووى ئەوەى ئەو خانووانە بە زێدەڕۆ دروستکراون، بۆیە ئێمەش لە دواین کۆبوونەوەى لیژنەى ناوچە کوردستانییەکان، کە بەئامادەبوونى ئەندامانى کورد بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا ئەنجامدرا، مەترسی دۆخەکەمان پێڕاگەیاندن و ئەوانیش بەڵێنیاندا بەپێى توانا لە گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا ئەو بابەتە باس بکەن”.