
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە، تیایدا ئاماژەی بەو کێشانە كردووە کە لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستانەوە لە ئارادابوون و لەمبارەیەوە ھەندێک ھەواڵ و لێکدانەوەی ناڕاست لە میدیاکاندا بڵاو بوونەتەوە.
لە روونكردنەوەكەدا هاتووە “پەیوەست بەو کێشانەی کە لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستانەوە لە ئارادابوون، ھەندێک ھەواڵ و لێکدانەوەی ناڕاست لە میدیاکاندا بڵاو بوونەتەوە. راستیی بابەتەکە بەو شێوەیەیە کە لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان بەڕێزان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت و بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو کێشەیە تاووتوێ کرا، بەڕێز بافڵ تاڵەبانی داوای دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ 24 کاتژمێر کرد بەبێ ھیچ مەرجێک، تاکو دەرفەت بۆ سەرکردایەتیی ھەردوولا ھەبێت بە تێگەیشتنێکی ھاوبەش بگەن. ئەم داوایە بە چارەسەرێکی پەسەند زانرا و بە دانوستان لە نێوان سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرکردایەتیی ھەردوولا کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ 24 کاتژمێر دواخراوە بە بێ ھیچ مەرجێک، بوار ڕەخسێندراوە لەو ماوەیەدا بەربەست و کێشەکان چارەسەر بکرێن”.
لە كۆتایی ڕوونكردنەوەكەشدا هاتووە “بەو ھیوایەی کە گشت لایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتانە بکەن و بە ئاراستەی چارسەر، ھەواڵ و لێکدانەوەکان بگوازنەوە”.