
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گومرگی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ردوو به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان و به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی گه‌رمیانی لادا و بۆ ماوه‌ی 40 رۆژ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات.
ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گومرگی هه‌رێمی كوردستان،راگه‌یاند، هه‌ریه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی گه‌رمیان و به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان، به‌شێوه‌یه‌كی كاتی بۆ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیان لاده‌برێن و دوو كه‌سی تر ده‌خرێنه جێیه‌كانیان.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، دوای لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیان ئه‌گه‌ری لادانیان به‌شێوه‌ی یه‌كجاری هه‌یه، به‌ڵام چاوه‌ڕێی ده‌رئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌كه‌ین .
محه‌مه‌د وه‌هاب ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌سه‌ر پشكی گۆڕان كه نوێنه‌ری گه‌رمیانه له ئه‌نجوومه‌نه‌كه، راگه‌یاند، بۆ ماوه‌ی 40 رۆژی ته‌واو لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو به‌رپرسه‌ی مه‌رزی په‌روێزخاندا ده‌كرێت، تۆمه‌ته‌كانیان زۆرن و ماده‌كان روون نین له‌سه‌ریان، بۆیه هه‌ر ئه‌مڕۆ دوو كه‌سی تر له جێیه‌كانیان دانران.
مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان، له نێوان ئێران و هه‌رێمی كوردستانه كه ده‌كه‌وێته سنووری خانه‌قین و گه‌رمیانه‌وه، به یه‌كێك له‌و مه‌رزانه هه‌ژمار ده‌كرێت كه زۆرترین قه‌باره‌ی بازرگانیی ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانی لێوه ئه‌نجام ده‌درێت.