سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرای دەکەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازێکی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی بۆ بانگەشەکردنی هاوبەش بە مەبەستی هاندانی گەلی ئێران بۆ ڕاپەڕین دژی حکوومەتەکەیان ڕەتکردووەتەوە و هۆشداریی لە “کۆمەڵکوژکردنیان” داوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی “ئەکسیۆس” لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئیسرائیلییەوە گواستویەتییەوە، هەفتەی ڕابردوو نەتانیاهۆ داوای لە ترەمپ کردووە پێکەوە پەیامێکی فەرمی ئاراستەی گەلی ئێران بکەن بۆ ئەوەی بڕژێنە سەر شەقامەکان، بەڵام ترەمپ ئەو هەنگاوەی بە “پڕ مەترسی” ناوبردووە.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، ترەمپ بە نەتانیاهۆی ڕاگەیاندووە: “بۆچی دەبێت داوا لە خەڵک بکەین بڕژێنە سەر شەقامەکان، لە کاتێکدا دەزانین هەموویان دەدرێنە بەر دەستڕێژی گولـلە و کۆمەڵکوژ دەکرێن؟”
هەرچەندە ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر ئامانجە سەربازییەکانی جەنگ هاوڕان، بەڵام لە پرسی “گۆڕینی ڕژێم” لە ئێران خاوەن دیدگای جیاوازن. لە کاتێکدا نەتانیاهۆ ڕووخانی ڕژێم وەک ئامانجێکی سەرەکی دەبینێت، بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە ترەمپ تەنها وەک “دەستکەوتێکی زیادە” سەیری ئەو پرسە دەکات و زیاتر بایەخ بە ڕێگەی دیپلۆماسی دەدات.
دوای ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکە لەلایەن ترەمپەوە، نەتانیاهۆ بە تەنها پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هانی ئێرانییەکانی دا بڕژێنە سەر شەقامەکان، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکان، بەهۆی ترسی خەڵک لە کاردانەوەی توندی هێزە ئەمنییەکان، ژمارەیەکی کەم لە هاووڵاتییان وەڵامی ئەو داوایەیان دایەوە.
ئیسرائیل پێیوایە دوای کوشتنی چەندین سەرکردەی باڵای سەربازی و سیاسیی ئێران ئێستا دەرفەتێکی زێڕین بۆ ناسەقامگیرکردنی تاران هاتوەتە پێش، بەڵام واشنتۆن هێشتا بژاردەی دیپلۆماسی وەک ئەولەویەت دەبینێت.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە