
سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بۆ کوردستانییانی دەرەوەی وڵات، وێڕای ستایشکردنی پشتیوانییان بۆ ڕۆژئاڤای کوردستان، جەخت دەکاتەوە کە کورد پارێزەری مرۆڤایەتی بووە و ئێستا کاتی ئەوەیە مرۆڤایەتی پارێزەری کوردستان بێت، هەروەها داوای چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان لە سووریا دەکات.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
کوردستانییانی خۆشەویست
ئامادەبووانی بەڕێز
خوشک و برایانی ئازیز
جێگەی شانازییە کە ئەمڕۆ لە شارەکانی وڵاتانی ئەورووپا، ژمارەیەکی زۆر لە ڕەوەندی کورد بە جۆش و خرۆشەوە و بە شێوەیەکی بێوێنە لە گردبوونەوەی ئاشتییانەدا، پشتیوانیی خوشک و برایانی خۆیان لە ڕۆژئاڤای کوردستان دەکەن.
ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ توانایی و زیندووێتیی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات، ئەوەش دەسەلمێنێت کە نەوەی گەلەکەمان لە دەرەوەی وڵات، هەمیشە هێزێکی مەزن و ئامادە و یەکگرتووە، بۆ پشتیوانیکردنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان لە هەر بەشێکی کوردستان بێت. سڵاو و ڕێزی تایبەتی من، بۆ ئێوەی خۆشەویست هەیە… بەخێر بێن سەرچاوان.
لە دەستپێکی سەدەی بیستەمدا، خاکی کوردستان بە ناحەقی دابەش کرا، لەپاش ئەو دابەشکردنە، گەلی کوردستان ڕووبەڕووی کارەسات و نەهامەتی و ئازارێکی زۆر بووەوە. بەڵام ئەو بارودۆخە سەختەی کە بۆ گەلی کوردستان دروست بوو، نەبووە هۆکاری ئەوەی کە گەلەکەمان ئیرادەی خۆی لەدەست بدات و مافەکانی خۆی لەبیر بکات. بەپێچەوانەوە، گەلی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر و هۆشیارتر لەسەر خەباتی خۆی بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی خۆی بەردەوام بوو. لە ڕێگەی خەباتیشدا قوربانیی بێژماری داوە.
هەروەکی بەشەکانی دیکەی کوردستان، لە ڕۆژئاڤای کوردستانیش گەلی کورد خەباتێکی دوورودرێژی هەیە. تێکۆشەر و شۆڕشگێڕانی ڕۆژئاڤای کوردستان، ئازار و زیندان و دەربەدەری و ئاوارەییەکی زۆریان بینیوە. پاش خەباتێکی زۆر ڕووبەڕووی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش بوونەوە، گەنجان و لاوانی گەلەکەمان بە ئازایەتیی خۆیان و بە خوێن و قوربانییان داعشـیان تێکشکاند و بوونە پارێزەری مرۆڤایەتی.
ئێستا گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان تووشی هەڕەشەیەکی نوێ و بارودۆخێکی ئاڵۆز و مەترسیدار بووەتەوە. ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی هەر کوردستانییەکە کە پشتیوانیی خوشک و برایانی خۆمان لە ڕۆژئاڤای کوردستان بین.
دەنگی هەر یەک لە ئێوە کاریگەریی خۆی لەسەر مۆراڵ و خۆڕاگریی گەلی کورد لە کوردستان و بەتایبەتی لە ڕۆژئاڤای کوردستان هەیە، پەیامێکیشە بۆ خەڵکی جیهان بۆ ئەوەی کە پشتیوانی لە داخوازی و مافە ڕەواکانی خوشک و برایانی ئێمە بکەن.
ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ڕۆژئاوایە، کە شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتیی خۆیان و ڕێگە نەدەن نەهامەتی و ئازارەکانی گەلەکەمان دووبارە ببنەوە. لە شەڕی داعشدا کورد پارێزەری مرۆڤایەتی بوون، ئێستا پێویستە مرۆڤایەتی پارێزەری کوردستان بن.
ئامادەبووانی ئازیز… کوردستانییانی خۆشەویست
خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ئێوە، نیشانەیەکی ڕوونی ئەو یەکدەنگییە نەتەوەییەیە کە لە ناخی کوردستانییانی دەرەوەی وڵاتدایە. ئەوەش ئەو ڕاستییە نیشان دەدات، کە جیاوازیی سنوورەکان و بیروڕای سیاسی، ناتوانن پەیوەندییە مێژوویی و نەتەوەییەکان لە ناخماندا لاواز و بێهێز بکەن. ئێمە یەک نەتەوەین، و یەک مێژوومان هەیە. یەک پاشەڕۆژیشمان هەیە، و لە خۆشی و نەخۆشییەکاندا هاوبەشین. کوردبوونی ئێمە لە سەرووی هەموو ئایدۆلۆژیایەکە. کوردبوون پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانە، نەک تەنیا بۆ گەلەکەمان، بەڵکو بۆ گەلانی ناوچەکە و تەواوی جیهانیش.
من سوپاسی یەک بە یەکی ئێوەی ئازیز و ڕێکخەرانی ئەم گردبوونەوەیە و کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دەکەم، سوپاسی هەموو کوردستانییانی دەرەوەی وڵات دەکەم، کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە هیمەت و حەماسەیەکی زۆرەوە پاڵپشتیی خوشک و برایانی خۆیان لە ڕۆژئاڤا بوونە. دەستخۆشییتان لێ دەکەم، هەر ئەوەتان لێ چاوەڕوان دەکرێت. پێویستە ئەو پشتیوانییکردنە لە چوارچێوەی شێوازە ئاشتییانە و ڕێکارە مەدەنییەکاندا هەر بەردەوام بن.
داواکاریی من ئەوەیە کە لە کۆبوونەوەکانتاندا، لە مەراسیم و خۆپیشاندانەکاندا، بە تەواوی پابەندی بەها بەرزەکانی گەلەکەمان بن، و پابەندی یاسا و ڕێسای ئەو وڵاتانە بن کە تێیدا دەژین. بە هەموو شێوەیەک خۆتان لە ئاژاوە و گرژی و توندوتیژی بەدوور بگرن. گەلی کوردستان کێشەی لەگەڵ سیاسەتی حکومەت و ڕژێمەکان هەیە، و هیچ کێشەیەکی لەگەڵ نەتەوەکان نییە، دەبێت هەموو ئاگاداری ئەوە بن، نابێت ڕق و کێشە لەنێوان کورد و نەتەوەکانی دیکەدا دروست ببێت. پەیامی گەلی کوردستان پەیامی ئاشتی و مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیانە.
هەروەها لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە داوا لە حکومەتی سووریا و هێزەکانی هەسەدە بکەم کە لەسەر ئاگربەستی نێوانیان بەردەوام بن. بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی خۆیان، پشت بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن ببەستن و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نەدرێت کە گرفت و کێشە سیاسییەکان ببنە هۆکاری سەرهەڵدانی ناکۆکی و کێشەی نەتەوەیی لەنێوان کورد و عەرەبان.
هەروەها بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری، پێویستە لە کۆتاییدا کۆتایی بە ئازارەکانی گەلی کورد و هەوڵی تواندنەوە (تۆنەکرنا)یان بهێنرێت و لە پاشەڕۆژی سووریادا مافە سیاسی و مەدەنی و نیشتمانییەکانی گەلی کورد لە دەستووردا گەرەنتی بکرێن.
لە کۆتاییدا ئەو چەندە دووپات دەکەمەوە، کە دەبێت ئێمە هەموومان پشتیوانی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بەهێز بکەین، و دەبێت هەمیشە ئومێد بە پاشەڕۆژێکی گەش بۆ گەلی کوردستانمان هەبێت.
دیسان بەخێرهاتنەوەتان دەکەم، بەخێر بێن سەرچاوان.
بژی کورد، بژی کوردستان
مەسعود بارزانی
31ـی کانوونی دووەمی 2026
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە