
ناوەڕۆکی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆک بارزانی و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا
ڕۆژی هەینی 30ی کانوونی دووەمی 2026، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و بەڕێز تۆم باراک نیردەی تایبەتی سەرۆک ترامپ بۆ کاروباری سووریا ئەنجام درا.
لە پەیوەندییەکەدا بەڕێز تۆم باراک بە ناوی خۆی و سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ئەو رۆڵ و هەڵوێستە بەرچاوانەی لە هێنانەدی ئاگربەست و پشتیوانی دیالۆگ لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتدا خستویانەتەڕوو. هەروەها رۆڵی سەرۆک بارزانی لە هێنانەدی رێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان حکوومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرز نرخاند.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆک بارزانی وێڕای سوپاس و پێزانینی تایبەتیی خۆی بۆ بەڕێز سەرۆکی ئەمریکا و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە رۆڵیان هەبووە لەوەی لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن، پشتیوانیی خۆیشی بۆ رێککەوتنی ئەمڕۆ هەینی 30ی کانوونی دووەمی 2026 دەربڕی، ئەویش لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی. هەروەها سەرۆک بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ بەڕێز تۆم باراک هەبوو بۆ ئەو ڕۆڵە کاریگەرەی کە بۆ گەیشتن بە رێکەوتن و ئاشتی لە ناوچەکە بە گشتی و سووریا بە تایبەتی هەیەتی.
پەیوەست بە بارودۆخی عێراقیش بەڕێز تۆم باراک داوای لە سەرۆک بارزانی کرد کە لە دۆخی سیاسی ئێستای عێراقدا رۆڵی گرنگ و بەرچاوی خۆی بگێڕێت. هەروەها سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە مەرجی سەرەکیی سەقامگیری و چارەسەری کێشەکان، جێبەجێکردنی دەستور و پابەندبوونە بەوەی پێکهاتەکانی عێراق خۆیان بڕیار لە چارەنوسی عێراق بدەن و سەروەری عێراق بپارێزن.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە