
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ٧٣ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستاندا ڕایدەگەیەنێت، ئەو ڕێکخراوە هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریکردن بووە لە مافە ڕەواکانی گەل و پشتیوانێکی بێ وێنەی پێشمەرگە بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥)، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتێر و ئەندامانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان کرد.
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی مێژوویی ئەو ڕێکخراوە داوە و ڕایگەیاندووە: “لە مێژووی گەلی کوردستاندا، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگ و پێشەنگی هەبووە و هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریکردن بووە لە مافەکانی ئافرەتان و مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان.”
جێگری سەرۆکی پارتی باسی لەوەش کردووە کە ئافرەتانی کوردستان “پشتیوانێکی بێ وێنەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون و نموونەیەکی گەشەی خەبات و قوربانیدان بوون لەپێناو مافەکانی گەلی کوردستان.”
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە یەکێتیی ئافرەتان ڕۆڵێکی دیاری هەبووە لە پێگەیاندنی چەندین ئافرەتی سەرکردە و داکۆکیکردن لە مافەکانیان.
لە کۆتاییدا مەسرور بارزانی هیوا دەخوازێت یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لەسەر ئەو ڕۆڵە پێشەنگانەیان بەردەوام بن بۆ زیاتر خزمەتکردن و بەدیهێنانی ئامانجەکانیان.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە