
سرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی سوپاسی خۆڕاگری و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی ناوچەی ئامێدی و دەوروبەری کرد کە بە “لانکەی شۆڕش و قوربانیدان” وەسفی کردن. لە گوتارەکەی تیشکی خستە سەر بەرپرسیارێتیی نوێنەرانی کوردستان لە بەغدا بۆ پارێزگاریکردن لە مافە دەستوورییەکان و رێگریکردن لە پیلانگێڕییەکان دژی هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی رەخنەی لە حکومەتی عێراق گرت سەبارەت بە پرسی مووچە و پێشێلکردنی دەستوور، بەتایبەتی ماددەی 140 و رایگەیاند: “کەس منەت لەسەر ئێمە نەكات و كەس خێر بە ئێمە ناكات، هەر شتێك ئێمە پێی گەیشتبین و هەر شتێكمان كردبێت هەقی زەحمەت و خەبات و رەنج و ماندووبوونی ئێوە خۆتانە.”
جەختیشی لەوە کردەوە کە “کێشەی کوردستان تەنها مووچە نییە،” بەڵکو دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکان و رێگریکردن لە پیلانگێڕییەکانە کە دەیانەوێت پێش لە پێشکەوتنی هەرێم[ی کوردستان] بگرن.”
مەسرور بارزانی داوای کرد نوێنەران لە بەغداوە “بەرگری لە مافی هەموو خەڵکی ستەملێکراوی عێراق بکەن، نەک تەنیا کورد”، چونکە بە گوتەی ئەو، باشتربوونی دۆخی گشتیی عێراق کاریگەری ئەرێنی لەسەر کوردستان دەبێت.
پڕۆژەی “هەژماری من” یەکێکی تر بوو لەو خاڵانەی کە مەسرور بارزانی لە گوتارەکەی ئاماژەی پێی کرد و بە پڕۆژەیەکی ژێرخانی “ئابووریی گرنگ” وەسفی کرد.
جێگری سەرۆکی پارتی روونیشی کردەوە کە ئەو پڕۆژەیە “تەنیا بۆ وەرگرتنی مووچە نییە، بەڵکو بۆ دابینکردنی قەرزە بۆ هاووڵاتییان لە بوارەکانی نیشتەجێبوون، کار و پڕۆژەی تایبەت، بەمەش دەرفەتی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنرێت و کەرتی تایبەت پەرەی پێدەدرێت.”
هاوکات مەسرور بارزانی باسی پڕۆژەی “رووناکی” کرد بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ناوچەکانی کوردستان، بەڵێنی دا کە ساڵی داهاتوو ئەم پڕۆژەیە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت.
دەقی گوتارەکەی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە سنووری ئامێدی:
بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان
خوشك و برایانی هێژا و بەڕێز
قارەمان و شۆڕشگێڕ
جەماوەری دڵسۆزی پارتی و رێبازی بارزانی
زۆر بەخێربێن، سەرسەر و سەرچاوی من هاتن. زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە بەشدارم بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق، حەزیش دەكەم بە ناوی هەمووتان بەخێرهاتنێكی گەرمی بەربژێرانمان بكەم كە ئەمڕۆ لەگەڵمان ئامادەن و لە ئێستاوە پیرۆزبایی سەركەوتن لە هەمووتان دەكەین.
خوشك و برایانی هێژا:
رەنگە پێویست نەبێت ئێمە بانگەشەی هەڵبژاردن لەم دەڤەرە بكەین، چونكە بەڕاستی ئێوە خۆتان خاوەنی ئەم شۆڕشەن، خاوەنی ئەم دەستكەوتانەن، بەڵام هەندێك شت پێویستە بۆ بیرهێنانەوە بێت، ئێمە هەندێك قسە لەگەڵ یەك بكەین، من زۆر لە ئێوە دەناسم، ئێمە پێكەوە گەورە بووین، بۆیە دەزانم كە ئێوە چەندە زەحمەتییەكی مەزنتان كێشاوە، ئەم شۆڕشە ئێوە كردتان، ئەم دەستكەوتانەیشی ئەمڕۆ دەیبینین، بەرهەمی خەبات و رەنج و ماندووبوونی ئێوەیە. بەداخەوە زۆر هەڤاڵ و دۆستمان ئێستا لەگەڵماندا نین و شەهید بوون، هەقە سەری رێز بۆ خوێنی پاكی ئەو شەهیدانە نەوی بكەین و سوپاسی ماڵباتی ئەو شەهیدانە بكەین بۆ ئەو دەستكەوتانەی ئەمڕۆ ئێمە هەمانە و بۆ ئەو ژیانەی ئەمڕۆ ئێمە پێی گەیشتووین.
ئەم دەڤەرە بێگومان لانكەی شۆڕشە، ئەو زەحمەتەی ئێوە كێشاوتانە و داستانانەی ئێوە تۆمارتان كردووە بەرامبەر بەو دووژمن و ناحەزانەی كە رۆژانە تەماحی داگیركردنی خاكی كوردستانیان هەبووە، هیچ یەكێك لەو چیا و دۆڵانە نەبووە كە ئێوە زەحمەتتان تێدا نەكێشابێت، خەباتتان تێدا نەكردبێت، پێشمەرگایەتیتان تێدا نەكردبێت. هیچ جێیەك لەم وارەدا نییە كە خوێنی شەهیدانی ئێمەی لێ نەڕژابێت، ئەم وارە واری شەهیدانی ئێمەیە، جێی پێشمەرگەیە، جێی خەباتكەر و شۆڕشگێڕانە. راستە دووژمن زۆرجار چاوی بڕیوەتە خاكی ئێمە، بەڵام هیچ جارێك نەیتوانیوە بەردەوام بێت لە داگیركردنی خاكی ئێمە، چونكە قارەمانانی ئەم میللەتە هەموو كاتێك بەرگرییان كردووە و خۆیان كردووەتە قوربانی، نەك تەنیا لێرە، بەڵكو پێشمەرگەی ئەم دەڤەرە لە هەموو بەشەكانی كوردستان و لە هەموو شارەكانی كوردستان، دیسان شۆڕش و خەباتیان كردووە و شەهید كراون و قوربانییان داوە بۆ پاراستنی خاكی كوردستان. بۆیە هەقە ئێوە هەموو بە سەربڵندییەوە شانازیی بە خۆتانەوە بكەن، ئێمەش هەموومان شانازیی بە ئێوە دەكەین، سوپاسی ئێوە و ماندووبوونتان و زەحمەت و خەباتتان دەكەین، بەڕاستیش ئەمڕۆ زەحمەتتان كێشا كە هاتن لێرە ئامادە بوون، بۆ ئێمە جێی سەربڵندییە و من گەلێك كەیفخۆشم كە لە خزمەتی ئێوەدام.
مێژووی ئەم دەڤەرە دیارە، خەبات و زەحمەتی خەڵكی ئەم دەڤەرە دیارە، نەك تەنیا پێشمەرگە قارەمانەكانمان لەسەر چیا، لە گارە، لە مەتین، لەو دۆڵ و شیوانە بەردەوام بوون لە خەبات و قوربانیدان، بەڵكو دایك و خوشكانی ئێمەش، ئافرەتانی ئەم دەڤەرەش وەكو پێشمەرگە بەردەوام بوون لە خزمەتكردن، لە بن بۆمبابارانی فڕۆكە و تۆپی دوژمنان، منداڵی خۆیان گەورە كردووە، برینداری پێشمەرگەیان لە ماڵی خۆیان دەرمان كردووە، نان و ئاویان بۆ پێشمەرگە پەیدا كردووە، بۆیە هەقە ئێمە پێكەوە هەموومان سوپاسی ئەو دایك و خوشكانە بكەین كە لە شۆڕشدا لەگەڵ برایانی پێشمەرگەمان بەردەوام بوون.
خوشك و برایانی هێژا:
رەنگە ئێوە بڵێن ئێمە بەرەو هەڵبژاردن دەچین، بۆچی باسی خەباتی رابردوو دەكەین؟ ئەمە بیرهاتنەوەیە، چونكە دووژمن هەموو كاتێك لە هەوڵی داگیركردنی وڵاتماندایە، یان دەبێت چاوەڕێ بین ناحەزان، خەڵكێكی شۆڤێنی و دوژمنانی كوردستان بەرنامە دابڕێژن بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بێن و پەلاماری هەرێمی كوردستان بدەنەوە، هەروەكو چەندین جار بەڵێنیان داوە كە ئێمە قەوارەی هەرێمی كوردستان ناهێڵین، یان بەردەوام بوون بۆ ئەوەی رێگریی لە هەرێمی كوردستان و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان بكەن، تەنیا بۆ ئەوەی زەرەر لە پارتی بدات، لەگەڵ خەڵكی دی دەستی خۆی لەناو یەك ناوە بۆ ئەوەی زەرەر لە هەموو كوردستان بدات. یان ئەوەیە دەبێ چاوەڕێ بین هەتا بەرنامەی خۆیان سەردەخەن و جارێكی دیكە روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و پەلاماری هەرێمی كوردستان دەدەن، یان پێویستە ئێمە ئەمجارە بە دەنگی خۆمان و بڕیارێكی سیاسی بچینە بەغدا و رێگە نەدەین ئەو پیلانگێڕییانە لە بەغدا بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان بگێڕدرێن.
لەبەر ئەوە زۆر پێویستە و زەروورییە ئێمە هەموو پێكڕا بچینە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بدەین بۆ ئەوەی رێگە لە شەڕ و دووژمنایەتی و ناحەزایەتیی كوردستان بگرین، پێویستە ئێمە دەنگ بە نوێنەرانی خۆمان بدەین تاوەكو بچنە ئەوێ و لەوێ بەرگریی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن.
راستە ئێمە لاپەڕەیەكی نوێمان كردەوە، پاش رووخانی رژێمی بەعسی پێشوو، ئێمە زۆر هیوامان هەبوو كە دیموكراسیەت و فیدراڵیەت مافەكانی هەرێمی كوردستان بەجێ دەهێنێت، بەڵام بەداخەوە ئێمە باوەڕمان بە زۆر كەس هێنا، بەڵام ئەمانەتی خۆیان بەجێ نەهێنا و لە جیاتی ئەوەی دەستوور جێبەجێ بكرێ، مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان پێشێل كران. بۆ ئەوەی رێ لەو بیركردنەوانە بگیرێت، پێویستە بە هێزێكی زۆرەوە ئێمە بەشدار بین لە ناوەندی بڕیار لە حكوومەتی فیدراڵی، با ئێمە ئەم شتانە بۆ خەڵكی دی بەجێ نەهێڵین، پارتی خۆی بكاتە خاوەن و بچێتە ئەوێ و بڕیاری هەرێمی كوردستان لە دەستی نوێنەرانی ئێمە خۆیاندا بێت.
بۆ ئێمە زۆر پێویستە خوشك و برایانمان لەوێ بە ئەمانەتەوە نوێنەرایەتیی ئێوە بكەن، داخوازییەكانتان بەجێ بگەیێنن، رێگە لە پلانەكان بگرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵێكی جددی بدەن هەموو خاڵە دەستوورییەكان وەك خۆیان جێبەجێ بكرێن، كێشەی ئێمە كێشەی مووچە نییە، بەڵام ناحەزانی ئێمە هەموو كات هەوڵی ئەوەیان داوە كە ئێمە سەرقاڵ بكەن بە بابەتی مووچەوە، مووچە هەقێكی سرووشتیی ئەم میللەتەیە وەك هەموو كەسێك مووچەی خۆی وەربگرێت، هەقی خۆی وەربگرێت، كەس منەت لەسەر ئێمە نەكات و كەس خێر بە ئێمە ناكات، هەر شتێك ئێمە پێی گەیشتبین و هەر شتێكمان كردبێت هەقی زەحمەت و خەبات و رەنج و ماندووبوونی ئێوە خۆتانە، بۆیە با كەس منەتمان لەسەر نەكات بڵێت ئێمە شتێك بە ئێوە دەدەین، هەقی ئێمە گەلێك لەوە زیاترە، ئەگەر ئێمە بەوەندە رازی بین دەبێ ئەوان مەمنون بن، دەبێ ئەوان مەمنوون بن كە ئێمە بە فیدراڵییەت لە عێراق رازین، ئنجا هێشتا بێن و فیدراڵییەتیش جێبەجێ بكەن، بەڕاستی ئەمە جێی قەبووڵكردن نییە، ئێمە ئەمجارە شەڕی خۆمان بۆ دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكانمان لە بەغداوە دەكەین.
هیوای من ئەوەیە هەموو بەربژێرانمان سەركەوتوو بن و ئەركی خۆیان وەك پێویستە و وەك چاوەڕێ دەكرێت، بەجێ بهێنن، نەك تەنیا بەرگریی لە مافەكانی ئێوە بكەن، بەڵكوو بەرگریی لە مافەكانی هەموو خەڵكی دیكەش بكەن، چونكە خەڵكی دیش وەك ئێمە مەحروومە.
ئەگەر ئێوە لێی بڕوانن، جگە لەوەی كە مافەكانی هەرێمی كوردستان نەداوە یانیش رێز لە دەستوور نەگیراوە، خەڵكێكی دیكەش ئەمڕۆ لە عێراقدا پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە، پەنایان بۆ جەنابی سەرۆك هێناوە، داوا دەكەن ئێمە بەرگریی لە مافەكانی ئەوانیش بكەین، شار و جێ لە عێراق هەیە كە دۆخی ژیانیان زۆر زۆر خراپتر و ناخۆشترە، نە ئاو هەیە، نە كارەبا هەیە، نە نەخۆشخانە هەن، نە قوتابخانە هەن، نە خزمەت هەن، نە باوەڕی هەیە، نە ئەمنییەت هەیە، نە هیچ هیوایەك هەن. ئێستا هیوامان ئەوەیە كە ئێمە هاریكاریی ئەوان بكەین تا ئەوانیش بگەنە هەقی خۆیان، بۆیە ئەمجارە كە نوێنەرانمان دەچنە بەغدا، پێویستە ئەمجارە بەرگری و پارێزگاری لە مافەكانی هەموو خەڵكی ستەملێكراو بكەن، ئێمە لەگەڵ مەزڵوومانداین، ئێمە لەگەڵ ئەو كەسانەداین كە ستەمیان لێ كراوە و پێویستە هەر كەسێك بگاتە هەقی خۆی، خەڵكی دیكە خۆش بژین، ئەكید ئێمەش خۆشتر دەژین، ژیانی خەڵكی دی باشتر بێت، ئەكید دۆخی ئێمەش باشتر دەبێت، بازاڕ و ئابووریی عێراق باشتر بێت، ئەكید بازاڕ و ئابووریی هەرێمی كوردستانیش باشتر دەبێت. ئێمە دەمانەوێ باشترین ژیان بۆ خەڵكی كوردستان دروست بكەین، نامانەوێ تەنیا چاومان لە مووچە بێت، دەمانەوێ خەڵكەكەمان لەسەر ئاستی وڵاتانی پێشكەوتوو بژین، ئێمە هیچ لە خەڵكی تر كەمتر نین، بەڵام پێویستە ئەوەش بزانین كە هەر وڵاتێكی پێشكەوتوو سەیر بكەین، كەس نەهاتووە وڵاتەكەیان بۆ دروست بكات، ئەوان بە خۆیان وڵاتەكەی خۆیان دروست كردووە، بۆیە پێویستە ئێمەش وڵاتی خۆمان بە دەستی خۆمان دروست بكەین ئینشائەڵا.
زۆر خاڵی دەستووری ماون كە هێشتا جێبەجێ نەكراون، ماددەی 140 هێشتا جێبەجێ نەكراوە، شنگال، زوممار، مەخموور، كەركووك، خانەقین، ئەمە هەمووی خاكی كوردستانە و پێویستە رۆژێك ئەم خاكە بگەڕێتەوە بۆ كوردستان، ئەوەیشی كە پارێزگاری لە مافەكانی خوشك و برایانمان دەكات لەو شارانە ئێوەن، پارتییە، پارتییە كە هەموو كاتێك ئامادە بووە خۆی بكاتە قوربانی بۆ بەرژەوەندیی باڵای میللەتی كورد و هەموو كوردستان بە هەموو پێكهاتە و هەموو ئایین و هەموو نەتەوەكان، ئێمە تەنیا بەرگریمان لە كوردان نەكردووە، ئێمە لە توركمان و كریستیان كردووە، لە هەموو ئایین و ئایینزاكانی دیكە كردووە، خوشك و برایانی ئێزدی و كریستیانمان ئێستا لە شارەكانی دیكە دێنە هەرێمی كوردستان و هەموو كاتێك دەرگای هەرێمی كوردستان بۆ خوشك و برایانمان كراوە بووە و هیچ منەتیشی تێدا نییە. خوشك و برایانی عەرەبمان لە كاتێكدا دوو ملیۆن كەس لە بەشەكانی دیكەی عێراق ئاوارە بوون لە بەشەكانی دیكەی عێراق و هاتنە هەرێمی كوردستان، لێرە ئێوە ماڵی خۆتان بۆ كردنەوە، ئەمە جێی سەربڵندییە، ئەمە نیشانەی رەوشتی بەرزی ئێوەیە، ئەمە نیشانەی ئەو ئەخلاق و ئەو رەوشتەیە كە پارتی و رێبازی بارزانی ئێمەیان فێر كرد، بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین تاوەكوو هەموو كاتێك هاوكاریی هەموو خەڵكێك بكەین كە پێویستیی بە پشتیوانیی ئێمە هەبێت. ئەمجارە پێویستە لە پەرلەمان ئەم هاریكارییە بكەین، ئەمجارە پێویستە لە پەرلەمان بچین و بەرگریی لە مافی خۆمان بكەین.
نابێ ماددەی 140 یان پێشێلكردنی دەستوورە یان دروستكردنی ئەنجوومەنی فیدرالییە یان هەر بابەتێكی دیكە كە هاتبێتە پێشێلكردن، ئێمە لەبیری بكەین، ئەمجارە خەڵكێكی پسپۆڕ و شارەزا دەستنیشان كراون كە بچن لەوێ داوا لەو پەرلەمانە بكەن كە تێیدان و پێویستە هەموو مافەكانی هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكرێن.
خەڵك خاوەنی ئەم وڵاتە نییە و ئێمەش لە دوایان بچین، بەڵکوو ئێمە خاوەنی ئەم وڵاتەین، كوردستان هی ئێمەیە و هەتا لە عێراقیشداین، پێویستە مافەكانمان یەكسان بێت لەگەڵ هەر هاووڵاتییەكی عێراقی و بە هیچ شێوەیەك قەبووڵ ناكەین ئێمە لە هیچ كەسێكی دیكەی ئەم وڵاتە كەمتر بین.
ئێمە هەموو پەروەردەی ئەو ڕێبازەین و بە فەرمانی جەنابی سەرۆك بەردەوام دەبین لە خزمەتكردن و هیچ جارێك نە سەر بۆ هیچ ناحەزێك دەچەمێنین، نە بەرامبەر هیچ ناحەزێكیش ئامادەین واز لە مافەكانی خۆمان بهێنین، بەڵام باوەڕ بكەن ناحەز بەردەوامن لە پیلانگێڕان بەرامبەر مافەكانی ئێوە، مەسەلە تەنیا شەڕ نییە، بەڵكوو گەلێك جار مافی ئێوە بووە زۆر شتتان بۆ بكرێت، بەڵام پیلانیان گێڕا تاوەكوو ئەو دەستكەوتانەتان بۆ نەبێت و پێشكەوتن لە كوردستان یان نەبێت، یانیش ئەگەر هیچیان پێ نەكرێ، ڕێگری بكەن. زۆر هاوپەیمانی دروست كرا، زۆرجار بەڵێنیان بە یەكتر دا، دەستیان لەگەڵ یەكتر تێكەڵ كرد، هەموو هەوڵێكیان دا بۆ ئەوەی مووچە نێت، هەوڵیان دا پێشكەوتن نەكرێ، هەوڵیان دا رێمان لێ بگرن، هەوڵیان دا پارتی بشكێت، با كوردستان بشكێت تەنیا پارتی بشكێت، مەرامیان پارتی بووە، چونكە هەموان دەزانن، هێوێنی كوردایەتی، هێزی شۆڕش، هیوای پاشەڕۆژی كوردستان، پارتییە. هەموو ئەوە باش دەزانن، بەڵام ئێمەش باش دەزانین چۆن وەڵامی ناحەزانی خۆمان بدەینەوە، كاتێك پێویست بێت لە بەرەكانی بەرخۆدان وەڵامیان بدەینەوە، ئێوە هەموو شاهێدن و ئێوە هەمووتان سینگی خۆتان كردووەتە قەڵغان و بەرگریتان لەم وڵاتە كردووە، كاتێكیش پێویست بووبێت خزمەتی خەڵكی خۆمان بكەین و وەڵامی ناحەزان بە خزمەت بدەینەوە، دیسان ئامادە بووینەوە و هێندە بەردەی كە ناحەزان بۆ ئێمەیان هاویشتووە، هێندە ئاستەنگەی كە دروژمنان بۆیان دروست كردووین، ئێمە هەموومان لە بن پێی خۆمان داناوە و ئێمە وڵاتی خۆمان پێ ئاوەدان كردووەتەوە.
ئێستاش چەندی خزمەت بكرێت، ئەركی ئێمەیە و هیچ منەتی تێدا نییە، خزمەتی ئێوە واجبی ئێمەیە، ئێمە هەموومان پەروەردەی جەنابی بارزانیی نەمر، هی رێبازی بارزانی دەزانین كە پێویستە مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت، بۆ ئێمەش مەزنترین شانازی ئەوەیە كە خزمەتكاری ئێوە بین. ئێمە بەرنامەی زۆرمان هەیە و زۆر پرۆژەشمان هەیە كە ئێوە و بەربژێرانمان دەتوانن بچن داوا لە دەنگدەران بكەن و بڵێن وەرن دەنگ بە ئێمە بدەن، چونكە پارتی لە كاتی شۆڕش و خەبات ئەمەی كردووە، لە كاتی شۆڕشی ئاوەدانیشدا ئەمانە دەستكەوتی پارتین. من نازانم خەڵكێكی دیكە دێ داوای دەنگی ئێوە دەكات، با رۆژێك بێ پێمان بڵێ ئێمە ئارەقمان رێشتووە یان دڵۆپێك خوێنمان بۆ بەرگریكردن لەم وڵاتە ڕشتووە، مادام نییە، بۆ ئەمڕۆ بێن خۆ بكەنە مونافس یان ركابەر بەرامبەری پارتی، ئەگەر ئەوانیش حەز بكەن، من باوەڕ ناكەم خەڵكی ئێمە قەبووڵ بكەن ئێستا لەم دەڤەرەدا پارتی هیچ ركابەرێكی هەبێت.
من لەو هیوایەدام كە مەزنترین سەركەوتن و زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنین، پارتی دەبێ دەنگێكی زۆر مەزن و هێزێكی زۆر مەزن بێت كە ئێوە پێی بدەن، بۆ ئەوەی بچنە بەغدا و لەوێ بەرگریی لە مافەكانمان بكەن، پێویستە ئێمە پشتیوانی بەربژێرانی خۆمان بین، هێزی ئێوە و خوا لەگەڵماندایە ئینشائەڵا، بەڵام هێزی میللەت لەگەڵ بەربژێرانی ئێمەدا بێت و لەگەڵ كاندیدانی پارتیدا بێت، هیچ هێزێكی دیكە خۆیان لەبەر راناگرن.
ئێمە پرۆژەی زۆرمان كرد، ئەگەر سەیر بكەن زۆر رێوبان دروست كراون، هێشتا رەنگە لە ئاستی تمووحی ئێمە نەبن، ئێمە پێمان خۆشە گەلێك باشتر خزمەتی زیاتریش بكرێن، پرۆژەی (رووناكی)مان لەسەر ئاستی كوردستان دەست پێكردووە كە پرۆژەی كارەبای 24 كاتژمێری لە هەموو كوردستان جێبەجێ بكرێت، هەرچەندە دەزانم شاری ئامێدی ماوەیەكە كارەبای 24 كاتژمێری هەیە، بەڵام نەك لە پرۆژەی رووناكی، پرۆژەی رووناكیش دەگاتە ئێرە و دەگاتە هەموو ئەم دەڤەرە و ساڵی داهاتوو هەموو كوردستان دەبێتە كارەبای 24 كاتژمێری ئینشائەڵا.
جگە لەمە ئێمە گەلێك پرۆژەی دیكەمان هەیە، هی خزمەتگوزاری، لە رووی خزمەتكردنی دیجیتاڵی یان دروستكردنی هەندێك دەرفەتی كار بۆ گەنجانی ئێمە كە یەكێكە لە بابەتە زۆر زۆر گرنگەكان كە ئێمە زۆر لەسەری بوەستین.
هەر جارێك جەنابی سەرۆك هاتبێتە ئێرە، هەموو جارێك فەرمانی بە ئێمە كردووە كە پێویستە ئێوە خزمەتی ئەم خەڵكە بكەن چونكە هەقیان لەسەرمان هەیە، خەڵكی ئەم دەڤەرە هەقیان لەسەر هەموو كوردستان هەیە و پێویستە ئێمە خزمەتی ئێوە بكەین. كاتێك هات، پێش چەند ساڵێك فەرمانی كرد و سەیری كرد ئاخۆ چی بكرێت بۆ ئەم دەڤەرە؟ ئێمە هاتینە ئێرە و داخوازییەكی زۆری خەڵكی ئەم دەڤەرە ئەوە بوو كە نەخۆشخانەیەك دروست بكرێت، ئەوكات ئێمە بەردی بناغەی نەخۆشخانەی (شورەش- هێتیت)مان دانا و ئەمڕۆ بە سەربڵندییەوە من بەشدار بووم لە كردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە كە بەڕاستی جێی دڵخۆشییە، كاتێك من بینیم نەخۆشخانەیەك لەم ئاستە خەڵك لە پایتەختەكان دروستی دەكەن، ئێمە بێین لێرە لەم دەڤەرە ئەم نەخۆشخانەیە دروست بكەین، نیشانەی بایەخدانی جەنابی سەرۆك بارزانی و پارتییە بۆ خەڵكی ئەم دەڤەرە، پیرۆزی ئێوە بێ و ئینشائەڵا خێری لێ دەبینن. بەڕاستی جێی دڵخۆشییە كە دەبینم شتێك لەم ئاستە دروست بكرێ بە شێوازێكی زۆر سەردەمیانە و باشترین ئامێری دونیای تێدایە ئێستا، پزیشكی زۆر باش و نۆژداری زۆر باشمان هەیە، خەڵكێكیشمان بۆ دامەزراندووە وەك نۆژدار و پەرستار و پزیشك، تاوەكوو خزمەتی ئێوە بكەن، ئینشائەڵا كەس لە ئێوە موحتاجی نەخۆشخانان نەبێت، بەڵام ئەگەر ناچار بوون، باوەڕتان بەوە بێت كە لە دەستێكی ئەمیندا دەبن، چونكە ئێستا نەخۆشخانەیەكی زۆر پێشكەوتوو ئامادەیە پێشوازیی لە ئێوە بكات.
جێیەكی شاخاوییە زۆرجار رەنگە زەحمەت بووبێت ئێوە لێرەڕا یان خەڵكی دەڤەری شیلادزێ، دێرەلووك بێنە ئامێدی یان لێرە بچنە دهۆك یان بچنە هەولێر، ئێستا ئەم نەخۆشخانە یان گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو بەشەكانی كوردستان یەكێكە لە ئەرك و واجبەكانی ئێمە. هەندێكجار ئێمە نەمانتوانیوە وەكوو پێویست خزمەتی هەموو دەڤەرەكانی خۆمان بكەین، بەڵام هۆكار هەبووە، یەكێك لە هۆكارەكان ئەوە بووە كە حكومەتی عێراق هەموو كات هەوڵی ئەوەی داوە كە مافەكانی خەڵكی كوردستان وەكوو خۆی نەگاتە خەڵكی كوردستان، مافەكانی ئێمە زۆر زیاترە، تەنانەت لە بابەتی بودجەدا پێویستە زۆر زیاتر بودجە بۆ هەرێمی كوردستان بهاتایە، بەڵام بەداخەوە نە بەغدا ئەوەی كرد، نە جگە لە پارتی، كەسی دی بەرگریی لە مافەكانی كوردستان كرد، بەمە دەستی ئێمە گیراوە و زۆرجار ئیمكانیاتی ئێمە زۆر سنووردار بووە و ئێمە نەمانتوانیوە وەك پێویست خزمەتی كوردستان بكەین، بەڵام ئەگەر ئەو رێگرییە نەبوایە و ئەگەر ئەو بەرنامانە لە دژی هەرێمی كوردستان نەگێڕدرایە و ئەگەر مافەكانی خەڵكی كوردستان نەخورابا، باوەڕ بكەن كوردستان زۆر پێشكەوتووتر دەبوو لەوەی ئێستا هەیە، هەرچەندە ئێستاش لەگەڵ هیچ بەشێكی دیكەی عێراق بەراورد ناكرێت، بەڵام زۆر لێرەش زیاتر خزمەت دەكرا ئەگەر دەستی ئێمە نەگیرابایە. بەس خاڵێك پێویستە لەبیر نەكەین، كەس نایەت بۆ ئێمە هیچ بكات ئەگەر ئێمە خۆمان بۆ خۆمان نەیكەین، پێویستە ئێمە خۆمان دەست و بازووی خۆمان هەڵبكەین و ئێمە چیمان پێ دەكرێ بۆ خۆمان بكەین، ئەوەی لەسەریشمانە ئەوەیە كە بەردەوام دەبین لە خزمەتكردنی ئێوە و ئەگەر خوا پشتیوان بین، هەتا ئێمە هەین ئینشائەڵا هەر لە خزمەتی ئێوەدا دەبین.
یەكێك لە هۆكارەكان ئەوە بووە كە بەغدا رێگەی نەداوە، وەكوو پێویست هاریكاری نەكراوین، گوندەكانمان هەمووی وێران كران، لە كاتی ئەنفالدا خەڵكمان ئەنفالكران، لە جیاتی ئەوەی قەرەبوو بكرێنەوە، سەرەڕای ئەو پێشكەوتن و دەستكەوتانەی كە هەرێمی كوردستان بەدەستی هێناوە، جارێكی دیكە ئێمە سزا دەدەنەوە و پارەمان دەبەن لە جێی دی خەرج دەكەن، لە میللەتی خۆشیان خەرج ناكەن خۆزگە لە میللەتی خۆیان و فەقیران خەرجیان بكردایە، بەڵام لەوانیش خەرج ناكەن، خوا دەزانێت چی لێ دەكەن؟ پێویستە ئەمجارە ئێوە ئەم پرسیارە لەوان بكەن و بزانن سەروەت و سامانی ئەو میللەتەیان چی لێ كردووە؟ ئەم میللەتە هەقیان هەیە، ئەنفال، ئەم هەموو شۆڕشە، ئەم هەموو غەدرە، ئەم هەموو وێرانكارییە، خۆ هەمووی بەلاش ناچێت، پێویستە ئێمە بەرگریی لە مافەكانی خۆمان بكەین و داوای هەقی هەموو كەسێك بكەین كە تا ئێستا مافەكانیان خوراوە، ئەمەش ئەركی ئێوەی بەربژێرە و پێویستە ئێوە ئەم ئەركە بەجێ بگەیەنن.
بەشێكی دیكە كە ڕێگر بووە بۆ ئەوەی ئێمە نەتوانین بە باشترین شێوە خزمەتی ئەم دەڤەرە بكەین، ئەو شەڕ و پێكدادانانەی ناوچە سنوورییەكانن، بەداخەوە زۆر خەڵكی ئێمە ئازار دراون، زۆرجار خەڵكی سڤیلیش شەهید كراون، كەوتوونەتە نێوان شەڕێك كە هیچ هەقێكمان پێدا نییە، ئێمە ناشمانەوێت ئەم شەڕە نە لە وڵاتی ئێمە هەبێت و نە بەردەوام بێت. جوانترین دیمەن و سرووشت ئەمەیە كە لەم جێیانە هەیە، مخابنە ئاوا نەكرێت، پێویستە ئەوەی كورد بێت و خۆی بە خزمەتكاری كوردستان دەزانێت و شۆڕشگێڕی كوردستان دەزانێت، پێویستە رێ بدات وڵاتی ئێمە ئاوەدان بكرێتەوە و واز لەو هەموو شەڕ و پێكدادانە بهێنن و نەبنە ڕێگر بۆ گەڕانەوەی خەڵكی ئێمە بۆ دەڤەری خۆیان. ئێمە داوا دەكەین ئەم پرۆسەی ئاشتییەی ئێستا هەیە سەربگرێت بۆ ئەوەی وڵاتی ئێمە بۆ ئێمە بگەڕێتەوە و ئەو كێشە و ئاریشانەش بۆ ئێمە نەمێنێتەوە، تاوەكوو ئێمە بگەڕێینەوە و گوندەكانی خۆمان ئاوا بكەین و گەلێك لەو دەڤەرانەش دەبنە دەڤەری پێشكەوتووی گەشتیاری كە گەلێك سوودیان دەبێت بۆ خەڵكی ئەم دەڤەرە. ئەمەش یەكێك لەو گرفتانە بووە كە بەهۆی ئەم شەڕ و پێكدادانانە وەكوو پێویست نەمانتوانیوە خزمەتی خەڵكی ئەم دەڤەرە بكەین، بەڵام هیوای ئێمە ئەوەیە بە كۆتاییهاتنی شەڕ و پێكدادان و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، ئینشائەڵا دەرفەتی باشتر بۆ ئێمە بێنە پێش تا ئێمەش بتوانین خزمەتی ئەم دەڤەرە بكەین.
جێی زۆر جوان لێرە هەن، ئەم جێیانەی ئێمە بینیمان رەنگە ئێوە باشتر شارەزان، هەر لە رووباری شین بگرە، لە كۆڕنیشی شیلادزێ بگرە، لە شیلاڤ، سەرێ ئامێدی، مەتین و سەری گارە، لە سێپركا و گەلی شێرانە بگرە، هەموو ئەو جێیانەن كە پێویستە ئێمە زۆر زیاتر گرنگیی پێ بدەین و بیكەینە شوێنی گەشتیاری، هەم خەڵكی ئەم دەڤەرە سوودی لێ ببینێت و هەم خەڵكێكی دیكەش كە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، ببینێت كە مێوانداریی كوردانی رەسەن چۆنە، بێن لەزەت لە جوانیی سرووشتی كوردستان ببینن. ئێمەش هاریكار دەبین بۆ ئەو كەسانەی حەز دەكەن كار بكەن. حكوومەتی فیدرالی لە ساڵی 2013 تا ئێستا رێی نەداوە خەڵكی ئێمە دابمەزرێن، خۆیشی تەنیا پار یەك ملیۆن كەسی دامەزراندووە، دەستی ئێمەیان گرتووە و لە زۆر بواردا نەیهێشتووە ئێمە سوود لەم دۆخە ببینین كە ئێستا لە عێراق هەیە، پێویستە ئێوە شەڕ لەسەر ئەوەش بكەن كە یەكسانی و دادپەروەری لە هەموو عێراق جێبەجێ ببێت، نابێ ئێمە پلە دوو بین، خەڵكێكی دیكە لەسەر حیسابی ئێمە چی حەز دەكەن بكەن، ئێمەش چاوەڕێ بین ئاخۆ رۆژێك خێرێكمان پێ دەكەن یان نا، ئێمە خێری كەسمان ناوێت، بەڵام نابێت كەسیش هەقی ئێمە بخوات.
هیوای ئێمە ئەوەیە كە ئێمە دەرفەتی كاری باش بۆ گەنجانی خۆمان بڕەخسێنین، ئێمە زۆر بەرنامەمان هەیە، بەرنامەی گەشانەوەمان هەیە بۆ هاریكاریی ئەو گەنجانەی كە حەز دەكەن ببنە خاوەنی كاری خۆیان، هاریكاریی حكوومەتیشیان بۆ دەكرێت. یەكێك لەو پرۆژانەی كە زۆر زەروور بووە و پێداگریمان لەسەر كردووە بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكرێت و زەمینەیەكی باشتر بڕەخسێندرێت تاوەكوو بتوانین خزمەتی گەنج و لاوانی خۆمان بكەین، پرۆژەی هەژماری من بووە، هەژماری من زۆر دژایەتی كراوە، ئەوانەی ئەمڕۆ خۆیانی پێ هەڵدەكێشن، دوێنێ ڕێگر بوون لەوەی ئەم پرۆژەیە سەربكەوێت، هەتا بەغدا زۆر ڕێگر بوو و نەیدەویست پرۆژەی هەژماری من سەربكەوێت، بەڵام كاتێك ئێمە لەگەڵ دەرەوە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گفتوگۆمان دەكرد و باسی پرۆژەی (هەژماری من)مان كرد و بە بەراوردكردن لەگەڵ پرۆژەی دی، ئەوەی ئێمە زۆر زۆر باشتر بوو، چونكە ئێمە ژێرخانێكی ئابووریمان دروست كرد بۆ ئەوەی پشتیوانیی دارایی و ئابووری بۆ هەموو هاووڵاتییەك بڕەخسێندرێت. پرۆژەی هەژماری من بەس بۆ ئەوە نییە كە كەسێكی مووچەخۆر بچێت پارە لە بانك رابكێشێت، بەڵكوو سبەی بانك بتوانێت لە ڕێگەی پرۆژەی هەژماری من قەرز بە هاووڵاتی بدات، ئەوەی حەز دەكات ئۆتۆمبێلی هەبێت بەڵام پارەی نییە، بتوانێت بچێت قەرز لە بانك وەربگرێت، خانووی نییە بتوانێت بچێت خانوو بكڕێت، ئەوەی كاری نییە بتوانێت بزنسێك بۆ خۆی بكات. داوای من ئەوەیە، راستە خەڵكێكی موستەحەقە و پێویستیشە دابمەزرێن و پێویستە ئەو گۆڕانكارییە لەسەر ئاستی حكوومەتی فیدرالی بكرێت و خەڵكێكی ئێمەش هەقی دامەزراندنیان هەبێت، بەڵام ئێمە بە خۆمان پێویستە بیر لەوە بكەینەوە كە چۆن كەرتی تایبەت پێش بخەین، بۆ ئەوەی منەتی كەسمان لەسەر نەبێت. ئەگەر ئێمە بتوانین لە كەرتی تایبەتدا دەرفەتی كار بە جۆرێك دروست بكەین كە خەڵكەكەمان بە خۆیان ببنە خاوەن كاری خۆیان، باوەڕ بكەن ئەم ناوچەیە نیعمەتە، دەكرێ زۆر زۆر دەرفەتی كار لێرە دروست بكرێن، ئەم كۆڕنیشانە دروست بكرێن، جێی گەشتیاری و كارگە دروست بكرێن، خەڵكی ئێمە بە خۆیان بكەونە سەر كار، بەڵام داوای من لە ئێوەش ئەوەیە بە تایبەتی گەنجان، هیوا دەخوازم وەرن كار بكەن، هەوڵ بدەن خۆتان داهێنەر بن، خۆتان بەرنامە دابنێن چۆن دەتوانین وڵاتی خۆمان باشتر بكەین و ئاوەدانتر بكەین. لەسەر حكوومەت ئەوەیە پشتیوانیتان بكات، لەسەر ئێوەش ئەوەیە كە هیممەت بكەن، وەرن پێكڕا وڵاتی تا وڵاتێكی خۆشتر بۆ خۆمان ئاوا بكەین.
من حەز ناكەم بێهیوا بن، زۆر ناحەزی ئێمە یان گەلێك ناحەزی پارتی دێن لەسەر گەنجانمان كار دەكەن و دەڵێن بێهیوا بن، هیچتان بۆ ناكرێت، وڵاتی ئێمە خۆش نییە و فەرموون بڕۆنە دەرەوە، هیچ جێیەك لە دونیادا نییە كە لە وڵاتی مرۆڤ خۆشتر بێت، مان و مردنمان پێویستە لەسەر وڵاتمان بێت، پێویستیشە وڵاتی خۆمان بكەینە خۆشترین جێ، بۆ ئێمە بچین سەردانی جێیەكانی دونیا بكەین، بۆ خەڵكی دونیا نەیەت سەردانی ئێمە بكات؟ دەتوانین ئەمە بكەین، ئەمە هەمووی مومكینە ببێت ئەگەر ئێمە ئیرادە و باوەڕیمان هەبێت. داوای من لە گەنجانمان ئەوەیە كە لە پێشمەرگە كۆنەكانمان فێر ببن، كاتێك هیچ هیوا نەمان، كاتێك دوژمن هەموو جێیەكی داگیر كرد، نە مووچە هەبوو، نە توانا هەبوو، نە چەك هەبوو، بەڵام ئیرادەیەكی پۆڵایین و قاییمیان هەبوو، باوەڕییەكی زۆریان بە رێبازی خۆیان هەبوو، بەرامبەری هەموو دوژمنان راوەستان، ئەمڕۆ سەیركەن دوژمنان لە كوێن و سەیركەن پێشمەرگە سەربڵندەكانیشمان لە كوێن. مرۆڤ ئیرادەی هەبێت، هەموو شتێك دەكرێت. ئێستاش داوام لە گەنجانمان ئەوەیە پشتیوان بن تاوەكوو بتوانین زیاتر خزمەتتان بكەین، ئەگەر خوا بیەوێ چەندی توانامان لەبەردەست بێت، زیاتریش بۆ ئەم دەڤەرە دەكەین، چەند جاریش هاتبینە ئێرەش و چەند جاریش جەنابی سەرۆك هاتبێتە ئێرە، سكاڵامان وەرگرتبن، داخوازیتانمان وەرگرتبێت، بەپێی توانا خزمەتی ئێوە كراوە، بەڵام دەزانم كە ئێوە زۆر زۆر زیاترتان پێویستە،ئێوە زۆر زیاتر شایستەی خزمەتن بۆتان بكرێت، من دەزانم ئێوە قارەمانن، من دەزانم ئەم دەڤەرە جێی قارەمانانە، جێی خەباتكەرانە، لە بەری گارەی بگرە، لە مەتین و گارە، ناوچەی نێروە و بەرواری، دۆسكی ژووریا، ئامێدی، خەڵكی شیلادزێ و دێرەلووك، ئێوە هەموو قارەمانن، من ئێوە دەناسم. ئێمەش هەموو قەرزاری ئێوەین، قەرزاری ئەو دایك و خوشكانەشین كە لەگەڵ ئێوە راوەستان و نەتانهێڵا نیەتی دوژمنان سەر بگرێت و كوردستان داگیر بكرێت. ئێوە كوردستانتان رزگار كرد، ئەمڕۆ لە سایەی كچان و كوڕانی ئێوەیە كە كوردستان ئاوەدان كراوەتەوە.
من زیاتر كاتی ئێوە ناگرم، زۆر مەمنونم، باوەڕ بكەن هاتم سوپاستان بكەم، داوای پشتیوانیتان لێ بكەم، ئێوە پشتیوانمان بن تاوەكوو ئێمە بتوانین لەگەڵ ئەو خوشك و برایانە لە بەغدا زیاتر خزمەتی ئێوە بكەین.
جارێكی دیكە ئێوە هەموو بەخێر بێن سەرسەر و سەرچاوان، هەر ساخ و سەلامەت بن، كوردستان هەر ئاوەدان بێت، ئینشائەڵا لیستی پارتی، لیستی 275 هەر سەركەوتوو دەبێت و مەزنترین دەستكەوت بەدەست دەهێنین ئینشائەڵا. زۆر سوپاس.