
ئەنجوومەنی دەوڵەت یاداشتی کۆتایی خۆی لەسەر داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئامادە کردووە، بەڵام دووپاتی دەکاتەوە، دەبێت نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئیمزای یاداشتەکە بکات، ئینجا دەینرێن.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی دەوڵەتی عێڕاق بۆ یەکلاییکردنەوەی لایەنە یاساییەکەی پرسی ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بەڵام هەردوو نوێنەرەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار نەبوون.
دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند، بەهۆی ئامادەنەبوونی هەردوو نوێنەرەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکاندا و ئیمزانەکردنی یەکێکیان لەسەر ئەو ڕەشنووسەی ئەنجوومەنی دەوڵەت وەک ڕاوێژی یاسایی خۆی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئامادەی کردووە؛ ئەنجوومەنەکە ڕەوانەکردنی ڕەشنووسەکەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ دواخست.