
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی ئاگاداربوون و پرسینی دۆخی تەندروستیی سلێمانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئەنجام دا.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/6/18 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لە گەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی ، لە دۆخی تەندروستی شاری سلێمانی و ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنای لە پارێزگاکە پرسی و نیگەرانیی خۆشیی لە زیادبوونی ژمارەی تووشبووان دەربڕی .
سەرۆکی حکومەت هاوخەمی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی کۆرۆنا نیشاندا و پرسە و سەرەخۆشی لێکردن ، بڕیاریشیدا بڕی 2 ملیار دیناری دیكه بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین خەرج بکرێت بۆ یارمەتیدانیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆڕۆنادا.
سەرۆکی حکومەت وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی لە دۆخەکە ، جەختیشی کردەوە کە تاکە ڕێگە بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە و کۆنترۆلی ئەم پەتایە، پابەندبوونە بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان لە لایەن دامودەزگاکانی حکومەت و هاووڵاتییان.
ھەر لەمیانەی ئەو گفتوگۆیەدا سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە حکومەت ھەموو تواناکانی خستووەتە گەڕ بۆ دابین کردنی بژێو و پاراستنی تەندروستی ھاووڵاتییان کە نەدەبووایە ئەم بابەتە تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان بکرێت و ھیواشی خواست بە ھاوکاری و یەکڕیزیی ھەموو لایەک، بە تایبەتی پاڵپشتیی لایەنە بەشداربووەکانی حکومەت، ئەم قۆناخە سەختە تێپەڕێنین.
لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری سلێمانی سوپاسی پشتیوانیی و پشتگیرییەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد.