
لە ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، يادی قوربانییانی کۆمەڵکوژیی و تاوانێکی دڕندانەی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە کە شاڵاوەکانی ئەنفالی هەموو کوردستانی بەدوا داهات.لەم یادە خەمناکەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی بازرانی دادەنوێنین و هەمیشە بە ڕێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە.
لە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوودا، دەڤەری بارزان چەندین جار ڕووبەڕووی هێرش و پەلاماری دوژمنانی کوردستان و سووتان و کۆمەڵکوژی و وێرانکاری بووەتەوە. بەڵام هەمیشە خەڵکی نیشتمانپەروەر و ستەملێکراوی ئەم دەڤەرە و کوردستان بەگشتیی، بە شێوەیەکی قارەمانانە و لە خۆبردووانە ، بەرگریان لە کوردستان کردووە و خۆڕاگرانە، دوژمنان و نەیارانی کوردستانیان تێکشکاندووە.
وەک هەمیشە دووپاتی دەکەینەوە کە حکومەتی فیدراڵ، پێویستە ئەرکی یاسایی و بەرپرسیاریەتی دەستووریی خۆی بەرامبەر بە قوربانیانی جێنۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانکردنی کوردستان و هەموو قوربانیانی دەستی ڕژێمی پێشوو جێ بە جێ بکات و چیتر مافەکانیان پشت گوێ نەخات.
خەڵکی نیشتمانپەروەری كوردستان ، هەرگیز ئەم تاوانانەیان لە بیر ناچێتەوە و دەبێ نەوە لەدوای نەوە، بزانن کە گەلی کوردستان بە گشت پێکهاتەکانییەوە ، قوربانییەکی زۆری لە پێناو پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و مافە ڕەواکانی داوە و هەرگیز دەستبەرداریان نابێت و بەرەنگاری هەموو ئەوانەش دەبێتەوە کە هەوڵی داگیرکاریی و دووبارەکردنەوەی سیاسەتی شۆڤێنی و تاوانەکانی ڕابردوو دەدەن.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی جێنۆسایدی بارزانییەکان و گشت شەهیدانی کوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/7/31